کۆیە
26 کەس لە وەرگەڕانى پاسەکەى کلکە سماق بریندار بوون
964+
گۆڤەند فەتاح- کۆیە
تائێستا 26 بریندارى رووداوى وەرگەڕانى پاسەکەى کلکە سماق گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، یەکێک لە سەرنشینانى پاسەکەش دەڵێت، چوار پێنج تەقڵەیان لێداوە.
دکتۆر کامەران عەباس، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى کۆیە بە 964ـى وت، لەگەڵ زانینى وەرگەڕانى پاسێک بەزوویى ئامادەکاریمان دەستپێکرد بۆ پێشوازیکردن لە برینداران، تا ئێستا 26 بریندار گەیەنراون و کەسێکیش گیانى لەدەست داوە.
وەک باسى دەکات، جگە لە یەکێکیان برینى ئەوانى دیکە سووکە و مەترسیان لەسەر نییە، بەڵام یەکێکیان دەنێردرێت بۆ هەولێر.
لاى خۆیەوە، نالى سەعدون، کە منداڵێکى سەرنشینى پاسەکەیە لە نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە 964ـى وت،” یەکەمجار ئیستۆپى پاسەکە تێکچوو، دووەمجار چوار پێنج تەقڵەمان لێدا و کەوتینە خوارەوە”.
وەک باسى دەکات، تەندروستى باشە، بەڵام لە خەمى هاوڕێ و مامۆستاکانییەتى و وتى، “ئینشاڵڵە باش دەبن”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر 2:00ـى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، پاسێک بە 41 سەرنشینەوە لە لۆفەکانى کلکە سماق لە نێوان کۆیە و دوکان وەرگەڕا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح