چوار بەشی نوێ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەکرێتەوە

دوو لە بەشەکان یەکەم جارە لە زانکۆ پۆلیتەکنیکەکانی کوردستان دەکرێنەوە

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024 – 2025 چوار بەشی نوێ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەکرێتەوە، دوو لەو بەشانە یەکەم جارە لە زانکۆ پۆلیتەکنیکەکانی کوردستان دەکرێنەوە.
ئەو دوو بەشەی کە یەکەمجارە لە زانکۆی پۆلیتەکنیک دەکرێنەوە، بەشی سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری لە کۆلێجی تەکنیکی کفری و بەشی ئەندازیاری کارەبا و کۆمپیوتەر لە کۆلێجی تەکنیکی کەلارن، بەڕێژەی 70% لەڕێگای زانکۆلاینەوە خوێندکار وەردەگرن، بە ڕێژەی 30% دەرچووی ساڵانی پێشووی پەیمانگەکان وەردەگرن.

ھەریەک لە بەشەکانی شیکاری خۆراک و تەندروستی، لە کۆلێجی تەکنیکی کفری بەشی ژمێریاری لە پەیمانگای تەکنیکی کفری، دوو بەشی تری تازەن بۆ ئەمساڵ خوێندکار وەردەگرن.

د.چیا محەمەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بە 964ـى وت، “ئەو بەشانە لەسەر دیراسەکردنی پێویستی بازاڕی کار کراونەتەوە، لەڕێگای زانکۆلاینەوە خوێندکاری دەرچووی پۆلی 12 وەردەگرن.”

” خوێندکاری دەرچووی ئەو بەشانەی کە بۆ ئەمساڵ یەکەم جارە دەکرێنەوە، بە ئاسانی لە بازاڕ ھەلی کاریان دەست دەکەوێت.” چیا محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کێشەی کەمی مامۆستای پسپۆری میلاکمان ھەیە، بەڵام بە وانەبێژ پڕمانکردووەتەوە و ھیچ گرفتێک بۆ خوێندنی خوێندکاران دروست نابێت”

زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە ساڵی 2023 دامەزراوە، سەرۆکایەتیەکەی لە قەزای کفریە، دوو کۆلێج و دوو پەیمانگا لە خۆدەگرێت و دەکەونە قەزای کەلار و کفری.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر