لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت بەدواداچوون دەکەن

بۆنی غاز دانیشتووانی گەڕەکێکی چەمچەماڵی هەراسان کردووە

+964

عەزیز عەبدوڵا

گەڕەکی راپەڕینی لە قەزای چەمچەماڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی بۆنێکی زۆری غاز تەواو بێزاربوون و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری غاز بەشەوان دێنەگەڕەکەکەیان  و بۆنەکە بڵاودەکەنەوە.

هێمن عومەر دانیشتووی ئەوگەڕەکەی بۆنی غازەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە بە 964ـی وت،”ماوەیەکی زۆرە بۆنی غاز لەهەریەک لە گەڕەکەکانی ڕاپەڕینی یەک و دوو بڵاوبوەتەوە و تەواو هەراسانی کردوون.

وتیشی، “بەتایبەت ئەم هەفتەیە بۆنەکەی هێندە زۆر بووە لەگەڵ خێزانەکەمدا هاتینە دەرەوە لەماڵ، وا هەستمان دەکرد ئەو بتڵانەی ماڵەوەی خۆمانن کە بۆژیانی رۆژانەی خۆمان بەکاریان دەهێنین و دورمانخستەوە ،بەڵام دوای هەستمان کرد هۆکارەکە ئەوەنییە.

ئەو هاوڵاتیە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە هۆکارەکەی بۆ زۆری ئەو بارهەڵگرانە دەگەڕێنینەوە کە غازی شلیان بارکردوە و شەوانە لەگەڕەکەکەی ئێمە شوێنی چۆڵ هەن و دێن لەوێ رایدەگرن، ماوەیەک لە مەوپێش بەشێکیشیان سزادران لەسەر ئەوکارە لەلایەن لایەنی پەیوەندی دارەوە بەڵام وادیارە دوبارە هاتونەتەوە شوێنی خۆیان.

رەمک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە 964 رایگەیاند،” تا ئێستا هیچ کەس لە حاڵەتێکی وەهادا ئاگاداری نەکردوینەتەوە لە کوێیە و لە چ کاتێکدایە بۆنەکە.

وتیشی، ”دڵنیاییش دەدەینە هاوڵاتیان هیچ مەترسیەک لە سنوورەکە نییە و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە لەو حاڵەتە تاوەکو بتوانن بەزوترین کات چارەسەر بکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

پاشماوەی دەواجینەکەی پیرەمەگروون بووەتە هۆی بڵاوبوون...

پاشماوەی دەواجینەکەی پیرەمەگروون بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنە ناخۆشەکە