تائێستا گیان لە دەستدانی دوو کەس یەکلابووەتەوە

لە شارباژێڕو شارەزوور هێرش هەبووەو هەموو گومانەکان بۆ تورکیایە

+964
بڕوا مەجید

ئەم پێشنیوەڕۆیە لە نزیک گوندی تەپەڕەش دەنگێکی گەورەهات و خەڵک لە دوورەوە دوکەڵێکی رەشیان بینی، قایمقامی سەیدسادق بە 964ی وت درۆن بووە لەو ئۆتۆمبێلەی داوە، دووکەس گیانیان لەدەستداوەو کەسێکیش بریندارە.

رووداوەکە بە دیارکراوی لەو شوێنە بوو کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن جادە تازەکەی سەیدسادق.

هێشتا دیارنییە درۆنەکە هی کام وڵات بووە، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیە راست بێت کە دەڵێن ئۆتۆمبێلە بە ئامانجکراوەکە هی کەناڵی ستێرک بووە، ئەوە گومان هەر بۆ تورکیا دەچێت، چونکە ئەو کەناڵە نزیکە لە پەکەکەوەو تورکیا کەیفی پێی نایەت.

هێشتا هێزە ئەمنییەکان هیچیان نەوتووە، بەڵام بەپێی ئەو وێنانەی بۆ 964 نێردراوە ئۆتۆمبێلێکی قەمەرە دەرکەوتووە کە بەتەواوی سوتاوە، ئەمبۆڵانس و چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی بەدەورەوەیە.

رەزا محەمەد قایمقامی سەیدسادق بە 964ی وت ”هێرشەکە لەلایەن درۆنێکەوە ئەنجامدراوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوەو کەسێکی دیکەش بریندارە”.

پەیامنێری 964 لە سەرچاوەیەکی ناو نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی بیست لە سەیدسادق ”دوای رووداوەکە دوو کەس کە گیانیان لەدەستدابوو لەگەڵ بریندارێک گەیەندرانە نەخۆشخانە”.

ئەمڕۆ ئەوەی زانراوە ئەمە دووەمجارە لەدەوروبەری سلێمانی هێرش رووبدات، بەیانی زوو نزیک گەڵاڵە بۆردوومانکراوە.

ڤیدیۆیەک دەست 964 کەوتووە کە لەگەڵاڵە وێنەگیراوە، دوکەڵ دیارەو ئەوەی تۆماری کردووە دیارە بە سناپچات کردوویەتی، لەسەر نوسیوە ”بەیانی باشی گەڵاڵە” کات 7:09ی بەیانی لێ نوسراوەو لەبەرامبەریدا دوکەڵ لە تەپۆڵکەیەک بەرز دەبێتەوە.

ئەوەش هەر گومان بۆ تورکیا دەچێت، چونکە زوو زوو ئەو ناوە بۆردومان دەکات بە بیانووی بوونی پەکەکە.

دوو هێرشەکەی ئەمڕۆ راستە هەردووکیان لە سنوری سلێمانین، بەڵام زۆر نزیک نین لەیەک، یەکەمیان لە شارباژێڕو دووەمیان لە شارەزوورە.