سبەینێ یان دوو سبەى

رێگاى دەربەندى گۆمەسپان-هەورازە نەفتە ئەمڕۆش بەڕووى شۆفێراندا ناکرێتەوە

964+

وریا فەتاح

بەهۆى کارکردن لە رێگاى دەربەندى گۆمەسپان هەورازە نەفتە، لە دوێنێوە رێگاکە بەڕووى شۆفێراندا داخراوە، رێگاوبانى هەولێریش دەڵێت، ئەمڕۆ ناکرێتەوە، دەکەوێتە سبەى یان زیاتر.

یونس واحید، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر لە سنوورى کەرتى دوو بە 964ـى وت،”بۆ چاککردنى چاڵوچۆڵییەکان و قیرتاوکردنى ئەو بەشەى پێویستى پێیەتى، رێگاکە بەڕووى شۆفێراندا داخراوە”.

وەک باسى دەکات، بە درێژاى 15 کیلۆمەتر چاککردن لە رێگاکەدا دەستى پێکردووە، بەشێکى قیرەکە هەڵدەگرن و قیرى نوێى دەکەن و بەشێکى دیکەشى بڕین و چاککردنى چاڵوچۆڵییەکانە.

روونیشى کردەوە، شۆفێران بۆ هاتنە ناو هەولێر دەتوانن رێگاى هەنارە بەکار بهێنن.

لاى خۆیەوە ئەندازیار هیدایەت محەمەت لە تیمى بەڕێوەبەرایەتى قیرتاوکردنى رێگاوبانى هەولێر بۆ 964 وتى،”لە کۆتاییەکانى کارکرنداین و ئێوارەى ئەمڕۆ کارکردن تەواو دەبیت، بەڵام بە دڵنیایى ئەمڕۆ بەڕووى شۆفێراندا ناکرێتەوە”.

وەک باسى دەکات، پێویستە قیرکردن لانیکەم 24 کاتژمێرى بەسەردا بچێت بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێل بەسەریدا بچێت، بۆیە ئەگەر هەیە و بە بڕیارى بەڕێوەبەرى چاککردنى رێگاوبانى هەولێر، سبەى بکرێتەوە.

رێگاى دەربەندى گۆمەسپان بۆ هەورازە نەفتە، کۆیە و ئیدارەى راپەڕین بە شارى هەولێر دەبەستێتەوە.

بە هۆی زۆری بارهەڵگرەوە

بە هۆی زۆری بارهەڵگرەوە" رێگەی هەولێر - کۆیە داخراوە"