زه‌وی (به‌رده‌ڵان)یان بۆ پێشنیارکردوون

كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ رازى نابێت زه‌ویه‌ به‌پیته‌كان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كشتوكاڵى ئه‌م پارێزگایه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ زه‌وییه‌كی به‌پیتى كشتوكاڵى وه‌ك پارچه‌ زه‌وى نیشته‌جێبوون بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌ستنیشان بكرێت بۆئه‌وه‌ى به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بكرێت، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیش ده‌ڵێت، كێشه‌یان نییه‌ زه‌وی به‌رده‌ڵانیان بۆ ده‌ستنیشان بكرێت.

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كه‌ 964 له‌رێى په‌یامنێره‌كانیه‌وه‌ به‌ فه‌رمى ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له‌ پێنج ملیۆن و 601 هه‌زار و 616 دۆنم زه‌وى (ئه‌وه‌ى به كه‌ڵكى كشتوكاڵ دێت) هه‌یه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش چوار ملیۆن و 293 هه‌زار و 544 دۆنم زه‌وى ساڵانه‌ بۆ كشتوكاڵكردن به‌كار ده‌هێندرێت.

ته‌نیا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 110 هەزار دۆنم زەوی كشتوکاڵی هەیە، کە ساڵانە نزیكه‌ى 65 هەزار دۆنمى دەکرێتە گەنم.

ستار مه‌حمود به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، پێداگرن كه‌ هیچ زه‌ویه‌كى به‌پیتى كشتوكاڵى له‌ سنوورى پارێزگاكه‌یان بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ده‌ستنیشان نه‌كرێت و ئه‌وان ده‌ستكاریكردنى ئه‌م جۆره‌ زه‌ویه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی “زه‌وى له‌ جۆرى به‌رده‌ڵانمان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێشنیار كردووه‌، ئه‌گه‌ریش رووبه‌ره‌كه‌ى كه‌م بێت ئه‌وا ئه‌و زه‌ویه‌ كشتوكاڵیانه‌ى كه‌متر به‌ پیتن ده‌خرێته‌ ناو پرۆسه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و هەر سێ سەرۆکایەتی شارەوانی خورماڵ و سیروان و بیارە، كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌منجامداوه‌ و سوور بوینه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌ به‌پیته‌كان نه‌كرێت.

تا ئێستا ئامارێكی ورد له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ كشتوكاڵى ئه‌م پارێزگایه‌ نه‌هاتووه‌ كه‌ چه‌ند فه‌رمانبه‌ر سوودمه‌ندى دابه‌شكردنى زه‌وى ده‌بن، به‌ڵام ده‌ڵێت به‌پێی پێویست كاریان له‌سه‌ر زه‌ویه‌ به‌رده‌ڵانییه‌كان كردووه‌  و له‌ قۆناغى رووپێوی كردندان.

رۆژی 27.3.2024 سەرۆکی حکومەتى هه‌رێم، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران و وه‌زاره‌تى شاره‌وانیشی راسپارد به‌ ئه‌نجامدانى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌م دابه‌شكردنه‌.

یەکێتیی فەرمانبەران: ئومێد دەکەین دابەشکردنی زەوی جدد...

یەکێتیی فەرمانبەران: ئومێد دەکەین دابەشکردنی زەوی جددی بێت