چەند فەرمانبەر سوودمەند دەبن؟

یەکێتیی فەرمانبەران: ئومێد دەکەین دابەشکردنی زەوی جددی بێت 

964+

پێشەوا محەمەد

یەکێتیی فەرمانبەرانی هەرێم ئومێد دەخوازێت بڕیاری دابەشکردنی زەوی جدی بێت و ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتان تا بزانن چەند فەرمانبەر لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رێنمایی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا بڵاوکردووەتەوە، ئێستا وەزارەتەکە چاوەڕوانی شارەوانییەکانە تا شوێنی دابەشکردنی زەوییەکانیان بۆ دەستنیشان بکەن و کارەکە بکەوێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.

یوسف عوسمان عەوێنەیی، سەرۆکی دەستەی باڵای یەکێتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، بەپێی داتاکانی وەزارەتی شارەوانیی حکومەت، لەو 682 هەزار فەرمانبەرە مەدەنییەی لە هەرێم هەیە زیاتر لە 200 هەزاریان سوودمەند دەبن.

وتیشێ، “کۆتا جار کە بە شێوەی فەرمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە ساڵی 2006 بووە و لەوکاتەوە حکومەت دابەشکردنی زەویی بە شێوەی فەرمی رانەگەیاندووە”.

بە وتەی یوسف عوسمان عەوێنەیی، بۆ دەستکەوتنی ژمارەی تەواوەتی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن پێویستە ئەو رووپێوییە تەواو بێت کە ئێستا وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەکان خەریکە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن 200 مەتر دەبن و ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە پێشتر سوودمەند بوون.

“ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت وردبوونەوە لەوە بکرێت ئایا ئەو هەموو زەوییە بەردەست دەبێت یان نا، ئەگەر نەبوو پێویستە حکومەت شووقە بداتە فەرمانبەران”، ئەوەش قسەی سەرۆکی یەکێتییەکەیە.

وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەویمان دەس...

وەزارەتی شارەوانی: هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەویمان دەستپێکرد