کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێ
فێستیڤاڵی گەلاوێژ داوای چیرۆک و لێکۆڵینەوە دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆتایی ئەمساڵ و لە مانگی کانوونی یەکەم، خولی 27 هەمینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەدەچی، دەرگاش بۆ وەرگرتنی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە.
رۆژی 25.8.2024 بۆ 25.10.2024 ماوەی وەرگرتنی بەرهەمەکان دەبێت.
دەستەی باڵای ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە لە دوا کۆبوونەووی خۆیدا، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سازکردنی خولی 27، باسیان لە رۆڵ و گرنگی و بەردەوامی فێستیڤاڵەکە کردووە، بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان، ئاماژەیان بەوە کردووە، “سەرەڕای ئەم بارودۆخ و قەیرانە ئابوورییە، بەڵام نابێت فێستیڤاڵی گەلاوێژ پەکبخرێت”.
ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەرهەمەکان پێشکەش بکەن، دەبێت بۆ ئەم ناونیشانەی بنێرن؛ [email protected]
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ئەوەش باسکراوە، “وەک ئەوەی بەڵێنمان دابوو فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوام دەبێت، هیواشیان خواستووە نووسەران و ئازادیخوازان لە 26 فێستیڤاڵی رابردوودا، لەوە تێگەیشتبن کە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ خزمەتی نووسەران و قەڵەمی تازەو ئازادیخوازان و برەودان بووبێت بەداهێنان و دروستکردنی دیالۆگی کلتوری”.
فێستیڤاڵی گەلاوێژ، یهكێكە لە گەورەترین فێستیڤاڵه رووناکبیری و ئهدهبییهكان لهسهر ئاستی هەرێمی كوردستان، کە لەلایەن بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ، کە سەر بە ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر رێک دەخرێت، چەند ساڵێک بەهۆکاری قەیرانی دارایی نەتوانراوە بەڕێوەببرێ.
بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ ساڵی 1996 دامەزراوە و به ناوی گەلاوێژ كراوه، وەک رێزلێنان و پێزانێک بۆ كهسایهتی و رووناکبیر ئیبراهیم ئەحمەد، کە لە ساڵانی 1939-1949 گۆڤاری گەلاوێژی لە شاری بەغدا بڵاوكردووهتهوه.