لە ئێران
پاسێکی زیارەتکاران وەرگەڕا و 28 کەس گیانیان لەدەست دا
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک کە زیارەتکارانی پاکستانی لە ئێرانەوە دەگواستەوە عێراق، 28 زیارەتکار گیانیان لەدەست دا و 23ی دیکەش برینداربوون.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، کاتژمێر 9:54 خولەکی شەوی رابردوو، پاسێکی کە هەڵگری 51 زیارەتکاری پاکستانی بووە و بەنیازبوون بەشداری رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بکەن، لە سەر رێگای دێهشیر – تەفت لە پارێزگای یەزد وەرگەڕاوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23ی دیکەش بریندار بوون.
محەمەد عەلی مەلەکزادە بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای یەزد رایگەیاندووە، بریندارەکان رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی رەهنمون و ئەبەرکێو و تەفت کراون و باری تەندروستی 14 کەسیان ناجێگیرە.
“پارێزگاری یەزد داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە، فڕۆکەیەک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ پاکستان دابین بکات”، مەلەکزادە وای وتووە.