لەمەودوا ئاردی ئوستڕالی دەکەن بە نان

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، بڕی 150 تۆن گەنمیان لە وڵاتی ئوستڕالیا کڕیوە، لە ئایندە ئەو گەنمە دەکرێتە ئارد و بەسەر بریکارەکانی خۆرک دابەشدەکرێت.

ئەسیر غورەیری، وەزیری بازرگانی عێراق دەڵێت: کڕینی ئەو گەنمە بۆ پارێزگاریکردنە لە نرخی ئارد لە بازاڕی ئاردفرۆشی بۆ ئەوەی نرخەکەی گران نەبێت.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی، ئەو گەنمە عەمبار دەکرێت و دواتر دەکرێتە ئارد بۆ بەشە خۆراکی مانگانە، لە بریکارەکان دابەشدەکرێت.

وەزیری بازرگانی لە پرێس کۆنفراسەکەی رۆژی چوارشەممە 25ی کانونی دووەم، ئەوەشی وتووە، ئەو گەنمە عەمبارکراوە، وادەکات مانەوەی یەدەگی گەنمی عەمبارکراوی نیشتیمانی بپارێزێت.

بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئوکرانیا، لە بەشێکی وڵاتان قەیرانی گەنم دروست بووە، ئەو قەیرانە کاریگەری لەسەر نرخی ئارد لە عێراق و کوردستان دروستکرد، بەجۆرێک نرخی فەردەیەک ئارد، لە 25 هەزارەوە گەیشتە 45 هەزار دینار.

 لە دوای شەڕی نێوان روسیا و ئوکرانیا، عێراق بڕیاریداوە، چوار ملیۆن و نیو تۆن گەنم  بکڕیت لە هەریەکە لە ئوستوڕالیا و ئەڵمانیا.