هۆکارەکەی چییە؟
مریشک لە سلێمانی کەمێک هەرزان بوو
964+
شۆڕش قادری
بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نرخی مریشک لە سلێمانی کەمێک دابەزی و بۆ هەر کیلۆیەک 200 دیناری لێبووەتەوە.
نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “نرخی کیلۆیەک مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان لە نێوان 2400 بۆ 2500 دینار دەفرۆشرێت و بە بەروارد بە هەفتەی رابردوو 200 دینار هەرزانتر بووە”.
“نرخی هەر کیلۆیەک مریشک 2500 دینار دەکەوێت لە سەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، بەڵام بەهۆی گەرما و ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە، زۆر جار خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ناچارن مریشکەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر بفرۆشن”، نازم عەبدوڵا وای وت.
نزیکەی دوو مانگە ڤایرۆسێک بەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووە، تاوەکو ئێستا بە هەزاران مریشک و جوچک بەهۆیەوە مردار بوونەتەوە.
ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە درووست بوون بریتین لە، ئای بی، گەمبۆرۆ و نیو کاسڵ، کەمبوونەوەی شێی ئەرز و بەرز بوونەوەی پلەی گەرما دوو هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن و تا پلەکانی گەرما بەرزتر ببێتەوە نەخۆشییەکە توندتر دەبێت.