لە نیوەی شەوەوە سەرەی غاز دەگرن

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

خەڵکی گوندی جەدیدە زاب لە ناحیەی رزگاری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە کاتژمێر 12ی شەوەوە سەرەی غازی شل دەگرن، بەڵام غازەکەیان بۆ نایەت، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت سنورەکەیان فراوانە و رێژەیەکی کەم غازیان بۆ دێت.

لە گوندەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، چەند گەنجێکی گوندی جەدیدە زاب، وێنەی ریزێک غازیان بڵاوکردووەتەوە، دەڵێن کێشەی کەمی غازیان هەیە و لە درەنگانی شەوەوە سەرەی غاز دادەنێن، تا رۆژی دواتر چاوەڕێن بەڵام نایەت.

تۆڕی 964، بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەو گوندە کرد و بەو دەرئەنجامە گەیشت.

رابەر ساڵح شێرە، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری، قسەی بۆ تۆڕی 964 کرد و وتی “هەر ماڵێک لە سنووری ناحیەی رزگاری، بە 45 رۆژ ئینجا دەتوانین غازێکی پێبدەین”.

لە بارەی گومانی فرۆشتنەوەی غازی بریکارەکانی دابەشکردنی غاز وەک باسدەکرێت، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەڵێت “رۆژانە هەموو وەکیلەکانی غاز دێنە بەردەم ناحیە، پشکنین بۆ غازەکان و ژمارەیان دەکەین دواتر پۆلیسێکیان لەگەڵ دەنێرین، ئەو پۆلیسە کە تەواو بوو دەبێت بێتەوە، چەندین پۆلیسمان گۆڕی بۆ ئەوەی بزانین ئەو بۆتڵانە فرۆشراون و یان دابەشکراون”.

تۆڕی 964 زانیویەتی، ناحیەی رزگاری 10 بریکاری دابەشکردنی غازی هەیە، هەر بریکارێک هەفتانە سێ جار غازیان پێدەدرێت، بەکۆی گشتی هەفتانە 2280 غاز بۆ ناحیەی رزگاری دەچێت.

سنووری ناحیەی رزگاری 17 گوند لەخۆدەگرێت، لەو گوندانە 14 هەزار و 200 خێزان دەژین، بەکۆی گشتی 70 هەزار کەس ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناحیەیە.

ئەمڕۆ لە ناحیەی رزگاری، بۆتڵی غاز بە هەشت هەزار و 500 دینار دابەشکراوە، بەڵام لە بازاڕ نرخی یەک بۆتڵ غاز هەتا 19 هەزار دەڕوات.