رێوشوێنە ئەمنییەكان كەمكرایەوە
ئەمڕۆ فڕۆكەخانەی بەغدا بە تەواوی كرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە فڕۆكەخانەی نێودەڵەتیی بەغدا بە تەواوی بە رووی سەرنشینان و گەشتیاران كرایەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە 17.8.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایان كرد، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە لایەن وەزیری گواستنەوە رەزاق محێبس بە تەواوی بە رووی سەرنشینان و گەشتیاران كرایەوە.
وەزارەتەكە رایگەیاند، ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی پێشتر لە فڕۆكەخانەكە پەیڕەو دەكرا، كەمكراونەتەوە و لە حەوت رێڕەویشەوە هاوڵاتیان دەتوانن بگەنە ناو فڕۆكەخانەكە.
لە ماوەی رابردوودا فڕۆكەخانەكە نۆژەندەكرایەوە و گۆڕانكاری تێدا كراوە، هاوكات وەزارەتی گواستنەوەی عێراق چەند رێنماییەكی نوێی بۆ هاتوچۆی سەرنشین و ئەوانەی لە خزمەتگوزاری هاتوچۆ و پێشوازی و بەڕێكردنی فڕۆكەخانەكە كاردەكەن، دەركرد.
فڕۆكەخانەی بەغدا لە 1979 دەست بە دروستكردنی كراوە و لە 1982 كرایەوە، لە لایەن كۆمپانیاكانی فەرەنسا و بەریتانیا بە 900 ملیۆن دۆلار دروست كراوە.
فڕۆكەخانەكە 16 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای سەنتەری شاری بەغدا دوورە.