پێویستە زوو چارەسەر بکرێت

پاشماوەی دەواجینەکەی پیرەمەگروون بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنە ناخۆشەکە

964+

ژێوار خدر

ماوەیەکە بۆنێکی ناخۆش لە ناحیەی پیرەمەگروون بڵاوبووەتەوە، 964 سۆراغی کرد بەقسەی خەڵکەکەی زیاتر لە شەواندا بۆنەکە بێزاری کردوون.

خەڵکی ناحیەکە دەڵێن بۆنەکە بەهۆی بوونی چەند دەواجینێکەوەیە و پاشماوەکانیان ئەم بۆنەی بڵاوکردووەتەوە.

964 پەیوەندی بە بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون کرد، سەبارەت بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بۆنەکە پشتڕاستی کردەوە کە بۆنەکە لە پاشماوەی دەواجینەکەوە بڵاوبووتەوە.

وتیشی “لە کۆمەڵیک پەیجەوە وا بڵاو بووەتەوە کە من مۆڵەتم دابێت بە کردنەوەی ئەو دەواجینە، بەڵام ئەوە راست نییە”.

ئاماژەی بەوەکرد، پێدانی مۆڵەت لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، ژینگە و شارەوانیەوە بەم شوێنانە دەدرێت ، دەواجینەکانیش مۆڵەتیان لەم شوێنانە وەرگرتووە.

دووپاتی کردەوە کە رەزامەندی لەسەر هیچ کارێک نادات کە ناقانونی بێت دەشڵێت “دەواجینەکان مۆڵەتیان لەو شوێنانەوە وەرگرتووە و کارەکەشیان قانونییە من ناتوانم رەزامەند نەبم”.

بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون روونیشیکردەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنەکە لیژنەیەکی تەندروستییان بە هاوکاری ئاساییشی ناحیەکە پێکهێناوە، سەردانی دەواجینەکەیان کردووە و بینیویانە کە پاشەڕۆیەکی زۆر لەو شوێنەدا کۆبووەتەوە و بووتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنە، واتە کەمتەرخەمی خاوەنی دەواجینەکە بووە.

زیاتر وتیشی، لەوێ دەستبەجێ خاوەنی یەکێک لە دەواجینەکانیان غەرامە کردووە و پێیان راگەیاندووە، کە پێویستە لە کورتترین ماوەدا ئەو پاشماوانە لەو شوێنە بگوازێتەوە.

”لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی سەرپێچییەکان و پابەند نەبوونی بە رێنماییەکانەوە، دەکرێ رێکاری یاسایی توند بەرامبەری خاوەنی دەواجینەکە بگرینە بەر و تەنانەت بیدەین بە دادگاش.” بەکر عەبدولکەریم وای وت.

بەڕێوەبەری ناحیەکە دەشڵیت، هاوڵاتییان هەر گلەیی و داواکارییەکیان هەیە لە بری بڵاوکردنەوەی لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن بێن سەردانی خۆمان بکەن و گوێ لەسەرجەم داواکارییەکانیان دەگرین.

بۆنێکی ناخۆش دانیشتووانی پیرەمەگروونی بێزار کردووە

بۆنێکی ناخۆش دانیشتووانی پیرەمەگروونی بێزار کردووە