لە خانەقین
هاوڵاتیەک بە فیشەک کوژرا
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
درەنگانی شەوی رابردوو هاوڵاتیەک گەیەنرایە نەخۆشخانەی خانەقین کە بە فیشەکێک کە بەر سەر دڵی کەوتبوو کۆتایی بە ژیانی هێنرابوو.
دکتۆر شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە 964ـی وت، درەنگانی شەوی رابردوو هاوڵاتیەک بە ناوی (ع ،ج ) تەمەن 21 ساڵ دانیشتووی گەڕەکی (سەبعە نیسان) بە مردوویی گەیەنرایە نەخۆشخانە و شوێنی فیشەکێک بەسەر دڵیەوە بوو، هەروەها لەسەر دەست و شانی شوێنی لێدانێکی قورس هەیە و ددانەکانیشی بەشێکی شکێنراون.
چەند شایەتحاڵێک رووداوەکەیان بۆ پەیامنێری 964 گێڕایەوە و وتیان،کە شەڕەکە لە نێوان هەردوو گەڕەکی مەزرەعە و دارەکونارە رووی داوە و ئەم هاوڵاتیە تووشی شەڕ و کێشە بووە لەگەڵ کەسی دووەم و ماوەی نزیکەی هەفتەیەک دەبێت کێشەکە لە نێوانیان دروست بووە و تا ئەمڕۆ پەرەی سەند و گەیشتە ئەم ئاستە.
پۆلیسی خانەقینیش رایگەیاند کە بکوژ خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و هەروەها چەند کەسێکی تریش کە گومانی بەشداریکردنیان هەبووە لە شەڕەکە ئێستا دەستبەسەرکراون.
پێداچوونەوە: تونا نەقی