بۆ سەیرانگەکان پێویستییانە
دەرچووەکانی گەشتوگوزار و هونەر فێری کاری دەستی دەکرێن
964+
ئاکام غەفوور – سۆران
لە سۆران خولێک بۆ دەرچووانی هونەرە جوانەکان و گەشتوگوزار و ئارەزومەندانی کاری دەستی کراوەتەوە، کە هەم فێر دەکرێن هەم هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێندرێت.
خولەکە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیرەکانی ”UNDP ، USAID” بە هاوکاری دەستەی گەشتوگوزار، بە دروشمی، “راهێنانی کاری دەستی بۆ بەرهەمی گەشتیاری”، رێکخراوە و ئارەزومەندان فێری کاری دەستی و نەخشاندن و کاری چنین دەکرێن و لە دوای ئەوەش دەرفەتیان پێ دەدرێت کە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران بەرهەمەکانیان بە بازاڕی بکەن.
ئیڤانا کارۆخ، یەکێکە لە بەشداربووانی خولەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “سێ ساڵە بەشی گەشتوگوزارم تەواو کردووە و هەلی کارم دەست نەکەوتووە، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ من و لە رێگای ئەم خولە پەرە بە تواناکانم دەدەم لە کاری سیڕامیک و دەمەوێت دواتر لە شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران بەرهەمەکانم بفرۆشم و بتوانم بڕاندی تایبەت بە خۆم دروست بکەم”.
گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، “لە سەیرانگاکان شوێنی کار بۆ ئارەزوومەندان دابین دەکەین”، کەمال خودادە، بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ 964 وتی،”پێنج رۆژە خولەکە لە سۆران بەڕێوەدەچێت و لە خولەکە 20 کەس بەشداریان کردووە، لە قەزاکانی سۆران و مێرگەسۆر و خەلیفان و رواندز و سیدەکان و چۆمان “.
بڕیار وایە خولەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، مەبەست لێی گرنگی دانە بە تواناکانی کاری دەست و رەخساندنی هەلی کار بۆ ئارەزوومەندان، ئەوە لە کاتێکدا رێکخراوی”UNDP” بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکانە بۆ پەرەپێدان، لە ساڵی 1976ـەوە لە عێراق کار دەکات، ئامانجی ئەم چوار ساڵەی کۆتایی، بریتی بووە لە، سەقامگیری بەهێزکراو، گەشەکردنی ئابوری هەمەچەشن، حکومڕانێتی باشترکراو، کەم کردنەوەی لاوازیی بەرامبەر گۆڕانکاری کەشوهەوا، هەروەک رێکخراوی “USAID” رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە ساڵی 2003 وە لە بواری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە عێراق کار دەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا