نوێنه‌رى وانه‌بێژان: ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌

له‌ په‌روه‌رده‌كانى هه‌ولێر و دهۆك فۆڕمێك دراوه‌ته‌ مامۆستایانى وانه‌بێژ له‌باره‌ى ده‌نگدانه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نوێنه‌رى مامۆستایانى وانه‌بێژ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، له‌ په‌روه‌رده‌كانى دهۆك و هه‌ولێر فۆڕمێك به‌سه‌ر مامۆستایانى وانه‌بێژ دابه‌شكراوه‌ و داواى چه‌ند زانیارییه‌كیان لێكردوون له‌باره‌ى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌”.

عەلی رەئوف مستەفا، كه‌ خۆى وه‌ك نوێنه‌رى گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان خۆى ناساندووه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، داواى كارتى ده‌نگدان له‌ وانه‌بێژان كراوه‌ و فۆڕمێكیشیان پێداون له‌باره‌ى چه‌ند ده‌نگده‌ریان هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ كام لایه‌نى سیاسین، ئه‌مه‌ش كارێكى نادادپه‌روه‌رییه‌.

وتیشی “په‌یوه‌ندیم به‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ كردووه‌ و ئێستا ئه‌و كاره‌ راگیراوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، په‌روه‌رده‌كان ده‌یانه‌وێت جۆرێك ترس لاى مامۆستایانى وانه‌بێژ دروستبكه‌ن به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى كه‌ بڕیاره‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌نجام بدرێت، ئەوانيش ئه‌و كاره‌ی په‌روره‌ده‌كانیان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

داواشی لە مامۆستایانی وانەبێژ كرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زانیاری له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌تانه‌وه‌ نه‌ده‌نه‌ هیچ كه‌سێك و له‌سه‌ر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەڪان پێویسته‌، سڪاڵا له‌سه‌ر وەزارەتی پەروەردە و ئه‌و بەڕێوەبەرایەتیانه‌ى پەروەردە تۆمار بكات كه‌ ئه‌و كاریان كردووه‌.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ نوێنه‌رى وانه‌بێژان به‌ 964ـى داوه‌، ژماره‌ى مامۆستایانى وانه‌بێژ به‌پێی ساڵى خوێندنى 2022 – 2023 له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 37 هه‌زار و 774 مامۆستایه‌.

سبه‌ى وانه‌بێژانى پشده‌ر قسه‌یان ده‌بێت

سبه‌ى وانه‌بێژانى پشده‌ر قسه‌یان ده‌بێت "نامانه‌وێت ئه‌مساڵیش خوێندن بەڕێبکه‌ين"