بەهۆى کوژانەوەى کارەبا
لە ئاغجەلەر خاوەن کێڵگەیەکى ماسى رەنج بە خەسار بوو
964+
عەزیز عەبدوڵا – گۆپتەپە
لە گوندى کانى هەنجیر سنوورى ناحیەى ئاغجەلەر لە قەزاى چەمچەماڵ، بڕانى کارەبا و نەمانى ئۆکسجین بوو بە بەڵا بۆ حەوزێکى ماسى و بەهۆیەوە زیاتر لە 14 هەزار ماسى مردار بوونەتەوە.
بەپێى گرتەى ڤیدیۆیی 964 بۆ حەوزى ماسییەکە، ئەو ماسیانەى مرداربوونەتەوە کیلۆ و سەرووى کیلۆگرامین و ئامادەبوون بۆ بازاڕ.
سەباح عوبێد کە خاوەنى ئەو پڕۆژەیەى حەوزی ماسییەیە، لەبارەى مرداربوونەوەى ئەو ماسییەکانى بە 964ـى وت،”ماوەی زیاتر لە شەش مانگە خزمەتیان دەکەم و شەو و رۆژ بە دیاریانەوە بووم، بەڵام بە نیو کاتژمێر کۆتاییان هات”.
بە وتەى سەباح عوبێد، بڕانى کارەباى نیشتمانى لە بەرەبەیانیدا و دواتر تا هەڵکردنى مۆلیدەى کارەبایى، ئۆکسجین لە حەوزەکە نەما و بووە هۆى مرداربوونەوەى زیاتر لە 14 هەزار ماسى قەبارە گەورە و پێگەیشتوو.
وەک ئەو خاوەن حەوزى ماسییە باسى دەکات، حەوزەکە جێگاى شەش هەزار ماسى بووە، بەڵام دواتر بەهۆى دانانى گەرا حەوزەکە بۆ 14 هەزار ماسى بەرز بووەتەوە.
964 بەدواداچوونى بۆ ئەو بابەتە کرد بەتایبەت لە بارەى ئەوەى چۆن بە نیو کاتژمێر کارەبا بڕان ئەو ژمارە ماسییە مردار دەبنەوە، رەنج محەمەد کە شارەزاى کێڵگەى ماسى و بەخێوکردنییەتى، بە 964ـى وت،” هیچ کاتێک بە بڕانى کارەبا بۆ نیو کاتژمێر و کاتژمێرێک نابێتە هۆى مرداربوونەوەى بەکۆمەڵى ماسییەکان، تەنیا ئەوە نەبێت دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ئۆکسجین و رەنگە ماسیى توشى نەخۆشى بکات”.
ئاشکراشى کرد، بەپێى ئەوەى ئەو کێڵگەیە زۆر زیاتر لە قەبارەى پێویست ماسى تێکراوە، رەنگە ئەوە هۆکارى سەرەکى بێت بۆ مرداربوونەوەى ماسییەکان.
سامان محمد ڕەوف بەڕێوبەر بەشی کشتوکاڵى ئاخجەلەر بە 964ـى راگەیاند: تەنیا لە سنوری ناحیەی ئاخجەلەر 300 پڕۆژەی حەوزی ماسی هەن لەو ژمارەیە نزیکەی 10 پڕۆژەیان مۆڵەتیان هەیە.
ئەو باسى لەوەشکرد، ناوە ناوە رێنمایى دەدەن بە خاوەن کێڵگەکانى ماسى، بەڵام بەهۆى ئەوەى بەشێکیان مۆڵەتیان نییە، بۆیە رێنماییەکان وەرناگرن و توشى ئەو حاڵەتانە دەبن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح