هەشت مانگە ئامێرەکەی خۆیان ئیش ناکات
هاوڵاتییانی زاخۆ ئیتر بۆ شکاندنی بەردی گورچیلە ناچنە کەرتی تایبەت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئامێرێکی پێشکەوتووی شکاندنی بەردی گورچیلە بۆ زاخۆ دابین دەکرێت، بە بڕی یەک ملیار و 680 ملیۆن دینار
دوای هەشت مانگ لە لەکارکەوتنی ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، بڕیارە بەمزووانە ئامێرێکی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکرێت، کە سوودێکی زۆر بە نەخۆشانی گورچیلە دەگەیەنێت.
ئیدارەی زاخۆ هەموو هەنگاوێکی ناوە و ئامادەکاریشی کردووە بۆ ئەوەی ئامێرەکە بگاتە نەخوشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، تەنیا ئەوە ماوە کۆمپانیایەک هێنانی ئامێرەکە لەئەستۆ بگرێت و لە ئەڵمانیا بگوازێتەوە بۆ زاخۆ.
د. نوری رەمەزان، تایبەتمەندی گورچیلە و سەرپەرشتیاری ئەو بەشە بە 964ـی وت، “هەشت مانگە نەخۆشانی گورچیلە ناچارن بچنە کەرتی تایبەت، بە 200 دۆلار چارەسەر وەربگرن، ئێستا ئامێرێکی نوێ دابینکراوە، پێشبینی دەکەم تا دوو مانگی دیکە بگاتە زاخۆ و خزمەت بە نەخۆشەکانی ناوچەکە بکات.”
”هەر زاخۆ نا، بەڵکو ئێستا نەخۆشخانەی حکومی لە پارێزگای دهۆکیش ئەو ئامێرەی نییە، بۆیە خەڵک ناچارن روو لە کەرتی تایبەت بکەن، بە گەیشتنی ئامێرە تازەکە نەخۆشەکان بێ بەرامبەر لە فریاکەوتنی زاخۆ دەتوانن چارەسەروەربگرن.” نوری رەمەزان وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر