بەهۆی ناوە نوێیەکانەوە
بڕیاری گۆڕینی ناوی قوتابخانەوە و باخچەکانی سلێمانی راگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە نوسراوێک گۆڕینی ناوی ئەو 44 باخچە و قوتابخانانەی راگرت، نیگەرانی لەسەر گۆڕینی و هەڵبژاردنی ناوەکان نوێیەکان دروست بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.8.2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە نوسراوی فەرمی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی “رۆژهەڵات، رۆژئاوا، سەیدسادق، دەربەندیخان، شارەزوور، دوکان و چەمچەماڵ”ی ئاگادار کردووەتەوە کە داوای راگرتنی گۆڕینی ناوی “باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندگەکان” دەکەن کە سەر بە میلاکیانە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 قوتابخانە ناوەکانیان دووبارەیە، بۆ ئەوەی قوتابیان و هاوڵاتیان لێیان تێکنەچێت پەروەردەی سلێمانی دەستی کرد بەوەی ناوەکانیان بگۆرێت، پڕۆسەکە هەفتەیەکە دەستی پێ کردووە بەڵام وا راگیرایەوە، سۆراغی 964 ئەوەی دەرخستن نیگەرانی لەسەر دانانی ناوە نویێەکان دروست بووە.
هەڵگوردی بنەڕەتی کراوە بە تۆکمەی بنەڕەتی، وەفای بنەڕەتی کراوە بە ڤینۆسی بنەڕەتی، خاڵدانی بنەڕەتی کراوە بە ئاژێری بنەڕەتی، خاکی بنەڕەتی کراوە بە ژینای بنەڕەتی، چیای بنەرەتی کراوە بە بیماری بنەڕەتی، ئەو ناوی ژمارەیەک قوتابخانەن کە ناوەکانیان پلان وابوو بگۆڕدرێن.
نەژاد عەبدوڵا یاریدەدری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت، لە سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا 44 قوتابخانە و هەشت باخچەی ساوایان ناوەکانیان دووبارەبوونەتەوە.
وتیشی، لە کاتی تاقیکردنەوە وەزارییەکان قوتابیان سەریان لێ دەشێوا و نەیاندەزانی ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە چ ناوچەیەکەوە، لە کاتی دەنگدانیشدا کێشە بۆ دەنگدەران دروست دەبوو، وتیشی، “ئەمساڵ لەسەر ئاستی هەر 10 پەروەردەکەی پارێزگای سلێمانی ناوەکان کۆکرانەوە و بڕیاری گۆڕینیان درابووە وە ناوەکانیش لە فەرهەنگی کوردییەوە وەرگیراون”..
نووسراوی پەروەردەی سلێمانی؛