چی لێدەکرێت؟
پردەکەی تاسڵوجە دەڕووخێندرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
پردەکەی تاسڵوجە لە گەڕەکی تاسڵوجەی شاری سلێمانی دەڕووخێندرێت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەڵێت، یەکتربڕێکی گەورە لە شوێنی پردەکەی تاسڵوجە دروست دەکرێت.
پردەکە خاڵی بەستنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە لە شەقامی سەرەکی دوکان – سلێمانییەوە دێنە سلێمانی بە شەقامی دووساییدی تاسڵوجە – سلێمانی.
ئەبوبەکر تەیب حەسەن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو پردەی تاسڵوجە لەگەڵ دیزاینی نوێی شەقامی 100 مەتری یەکناگرێتەوە بۆیە دەڕووخێندرێت و لە جێگەکەی یەکتربڕێکی گەورەی لێ دروست دەکرێت، کە یەکتربڕی ژمارە 11ی ناو شەقامە نوێکەیە و کە پردەکە پانتر و درێژتر دەبێت.
وتیشی، “هەموو ئامادەکارییەک کراوە و رەزامەندی هاتوچۆی سلێمانی وەرگیراوە تا لە کاتی رووخانی پلانەکەی ئێمە جێبەجێ بکرێت بۆ دروستنەبونی قەرەباڵغی لە کاتی داخڵبوونی ئۆتۆمبێلەکان بۆ سەر شەقامی تاسڵوجە – سلێمانی”.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە، ژمارەیەک یەكتربڕ و پێنج ئەندەرپاس و یەك ئۆڤەرپاسی تێدایە.
شەقامەكە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی دەمركانی سەر رێگای عەربەت، پێكهاتووە لەچوار سایدی دووانی هاتن و دووانی رۆیشتن بەپانی 100 مەتر.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا