پارکی گشتی سەیدسادق بوەتە لەوەڕگا
+964
محەمەد عومەر -هەڵەبجە
پارکی گشتی سەیدسادق، بەتەواوی فەرامۆشکراوە و ئێستا بوەتە لەوەڕگای ئاژەڵ، بەرپرسانی شارەوانیش دەڵێن بەمزوانە دەستدەکرێتەوە بە نۆژەنکردنەوەی.
پارکەکە لە ساڵی 2010 -ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، بەڵام کارەکانی تەواو نەکراوە.
عومەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی باخچەکانی شارەوانی سەیدسادق، بە تۆڕی 964ی وت “بەڵێندەری پارکەکە نەیتوانی کارەکانی تەواو بکات، پرۆژەکەی لێسەندرایەوە، ئێستا کارەکانی پارکەکە دراوە بە بەڵیندەرێکی تر، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بکاتەوە بەنۆژەنکردنەوەی”.
رۆشنا عەبدوڵلا، دانیشتویەکی سەیدسادقە، دەڵێت “کۆڵانەکان بەشی زۆری قوڕ و چڵپاوە پارکی گشتیش وێرانە نازانین منداڵەکانمان بەینە کوێ”.
ئیبراهیم چالاک، دانیشتوی سەیدسادقە، وتی “جاران دەهاتین بۆ پارکی گشتی بۆ دەرس خوێندن، بەڵام ئێستا بۆتە لەوەڕگەی ئاژەڵ”.
شادیار عیرفان، منداڵێکە ماڵەکەیان نزیک پارکی گشتییە، دەڵێت؛ “وێنەم هەیە لەم پارکە، لە پشتمەوە ژمارەیەکی زۆر یاری دەرکەوتووە، بەڵام ئێستا هیچی تیا نەماوە، لەگەڵ هاورێکانم خۆمان بۆ خۆمان شوێنێکمان دروست کردوە بۆ یاری کردن”.
لە قەزای سەیدسادق، هەشت باخچەی گشتی هەن، بەڵام پارکی گشتی تاکە شوێن بووە یاری منداڵی تیابووە و ئێستا هیچ یاریەکی لێنەماوە.