باڵندەیەک هەموویانی کوون کردووە

گوێزەکەی ئیسرائیل لە باڵەکایەتی قڕانی تێکەوتووە

+964

ئاکام غەفور-سۆران

گوێزی ئیسرائیلی لە باڵەکایەتی هەیە و جۆرە باڵندەیەک نەیهێشتووە، هەر بە دارەوە کوونی دەکات.

ئەو جۆری گوێزە بەوە ناسراوە کە توێکڵێکی ناسکی هەیە، ئەمەش وایکردووە باڵندەکە ئاسان کوونی بکات و بە قسەی جوتیارێک، زیاتر لە %50 بەرهەمی گوێزەکەی خواردووە و کشتوکاڵی چۆمانیش دەڵێت، ناتوانین رێگری لێ بکەین.

هێمن ئەحمەد، باخدارێکی گوندی گرتکە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، “دوو ساڵە جۆرێکی باڵندە نەیهێشتووە سوود لە گوێزەکانم ببینم هەرچی گوێزە کوونی دەکات، رۆژانە دەچمە ناو باخەکەم و ئەو گوێزانە لێ دەکەمەوە کە باڵندەکە کونی کردوون، چونکە کاریگەریی لەسەر گەشەی دارەکە دەکات و ئەگەر لێی نەکەمەوە دارەکە لاواز دەکات”.

دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان، قسەی بۆ 964 کرد و وتی،  ناتوانین رێگری لەو جۆری باڵندەیە بکەین، چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی سرووشت و ئافاتی دیكە دروست دەکات.
روونیشیکردەوە، چارەسەرەکە تەنیا ئەوەیە، جوتیاران چیتر ئەو جۆرەی گوێزە نەچێنن، چونکە گوێزی خۆماڵی ئەو کێشەیەی نییە، ئەوانەشی کە ئێستا ئەو جۆرە بەرهەمەیان هەیە تەنیا بە دروستکردنی دەنگ دەتوانن رێگری لە باڵندەکە بکەن.

لەسەر جۆری باڵندەکە رای جیاوز هەیە، جوتیارەکە ئاماژە بەوە دەکات، خۆی باڵندەکەی بینیوە و دەشڵێت، جۆرە باڵندەیەکی نوێیە کە لە بولبول بچوکترە و پێشتر ئەو باڵندەیە نەبووە لە ناوچەکە، کشتوکاڵی چۆمانیش پێیانوایە، قەلەڕەش و قەلەباچکەیە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ته‌رزێكی نوێى گوێز له‌ باڵه‌كایه‌تى به‌رهه‌مه‌كه...

ته‌رزێكی نوێى گوێز له‌ باڵه‌كایه‌تى به‌رهه‌مه‌كه‌ى سێ ئه‌وه‌نده‌ى گوێزى خۆماڵییه‌