لە کۆیە
هاوینەهەواری حەمامۆک ئاوەدان دەکرێتەوە
+964
گۆڤەند فەتاح
هاوینەهەواری حەمامۆک لە کۆیە ساڵانی پێشوو جمەی دەهات لە گەشتیار، بەڵام ئێستا وێرانە و بێ خزمەتگوزارییە و کاری کردووەتەسەر جموجۆڵی گەشتیاری بۆ ئەو ناوچەیە.
حەمامۆک یەکێک بوو لەو هاوینەهەوارانەی ناوشاری کۆیە، کە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکان، شوێنێکی گەشتیاریی قەرەباڵغ بوو، بە هۆی ئاوە سازگار و فێنکەکەیەوە و جوانی شوێنەکەوە، بەڵام ئەوە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەچێت بێ خزمەتگوزارییە و بووەتە وێرانە و کەس رووی تێناکات، شارەوانی کۆیەش بە نیازە بە کرێی بدات.
پێشتر ئاوی حەمامۆک دەڕژایە رێڕەوی ئاوی هاوینەهەوارەکە و کەشێکی فێنک و جوانی دەبەخشییە شوێنەکە، بەڵام ئێستا پڕبووە لە خۆڵ و پیسایی و زۆربەی شوێنی دانیشتنەکەشی وێران بووە و تێکچووە.
موحەممەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانی کۆیە بە 964ـی وت، بە نیازین ئەو هاوینەهەوارە بکەینە چەند کەپرێک و بە کرێی بدەین، مەبەستی بە کرێدانەکەش بۆ پارێزگاریکردنە لە شوێنەکە و تا خاوەنی شوێنەکە ئاگای لێبێت.
وتیشی، دوای قیرتاوکردنی رێگەی حەمامۆک، ئاوەدانی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینەهەوارەکە و خەڵکیش زیاتر حەزدەکەن روو بکەنە ئەو شوێنە.
هاوینەهەواری حەمامۆک دەکەوێتە نزیکی گوندی حەمامۆکی سەر بە قەزای کۆیە، لەگەڵ گەورەبوونی کۆیە، گوندەکە ئێستا تێکەڵ بووەتەوە لەگەڵ قەزاکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی