بەشێکی هى جوتیارانى کوردى کەرکوکە

سوپای عێراقی مشتی لە 100 دۆنم زەوی تۆپزاوا خۆشکردووە

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

سوپای عێراق بەنیازە رووبەری سەربازگەکەی لە گوندی تۆپزاوە فراوان بکات، بەمەش 100 دۆنم زەوی خەڵکی گوندەکە پێوە دەبێت، ئەوانیش دەڵێن شتی وانییە و ناهێڵین زەوییەکانمان داگیربکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 3.8.2024 دانیشتوانی گوندی تۆپزاوەو چەند کەسێکی سەر بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەدژی دەستبەسەردا گرتنی زەوی جوتیارانی گوندی تۆپزاوە گردبوونەوە، ئەوان دەڵێن فرقەی یانزەی پیادەی سوپای عیراق زەوییەکانیان داگیر دەکات.

نەجیب ئاغا تۆپزاوەیی دانیشتوی گوندی تۆپزاوە بە 964ـی وت ”ئەو پارچە زەویە هی عەشیرەتی جحێش و کورد و تورکمانە روبەرەکەی سەد دۆنمە و تاپۆیە، سوپای عیراق ئێستا دەیەوێت بیکات بە بەشێک لە سەربازگەکەی”.

نەجیب ئاغا باس لەوە دەکات یەکەمجاریش نییە ئەم کارەیان لەگەڵ دەکرێت ”ساڵی رابردوو تۆومانکرد و گەنمەکەمان سەۆز بوو هاتن دەستیان بەسەر 15دۆنم زەوی گرت، داوای تاپۆی ساڵی 2024 دەکەن، تاپۆی نوێمان لە کوێ بوو، ئەم زەویانە لەناو زەوییەکانی مادەی 140دان”.

خەڵکی ئەو ناوچەیە تەواو توڕەبوون، رۆژانە دەبینن بەبەرچاوی خۆیانەوە سوپا لەسەر زەویەکانی ئەوان دیواری کۆنکرێتی دروست دەکات.

عەبدوڵا محەمەد جوتیاری گوندی تۆپزاوە بە 964ـی وت ”کاتێکی بینیم سوپا سەرقاڵی دانانی دیواری کۆنکریتی و دروستکردنی شورا بو لەسەر زەوەیەکانمان، رۆیشتم بۆ لای سوپاکە پێانم وت ئەوە زەوی ئێمەیە وەڵامی ئەوان ئەوە بوو کە بڕیاری سەرووی خۆیان پێیە”.

تۆپزاوا دەمێکە کێشەی لەسەرە، لەدوای ساڵی 2003 جوتیارە گوندەکان گەڕانەوە سەر زەوییەکانی خۆیان، ساڵی 2017 جارێکی تر لێیان سەندرایەوە، کێشەی ئەم سەربازگەش هاتە سەر کێشەکانی تریان.

خەڵکی ناوچەکە زوو زوو گرد دەبنەوەو پەنا بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش دەبەن لەگەڵیان بن، ئەڵێن بەڵکو ئەوان دەنگیان بگەیەنن و شتێک بە شتێک بکەن.

حەسەن حوسێن لە رێکخراوی پارسا بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ لەگەڵ خەڵکە نارازییەکە بوو، بە964ـی وت ”ئەوەی ئێمەی کۆکردۆتەوە هەڵوێستێکی مرۆڤایەتی، یەکێتی و پارتی لەم شارە بەرپرسیارن لەبەردەوامبونی ئەم کێشانە چونکە شەریکن لەگەڵ ئەو حکومەتەی تەنگی بە جوتیاران هەڵچنیوە، دەبێت ئەم حیزبانە پەیوەندییەکانیان بەکار بهێنن و رێ لە داگیرکاری زەوییەکان بگرن”.

گوندی تۆپزاوا لە ناحیەی یایچی سنووری باشوری خۆرئاوای کەرکوکەو دانیشتوانەکەی کوردن.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

سوپای عێراقی نیەتی لە تۆپزاوا هێناوە و چالاکوانەکانیش ...

سوپای عێراقی نیەتی لە تۆپزاوا هێناوە و چالاکوانەکانیش ناهێڵن