زەرەرمەندی یەکەم خاوەنی کێڵگەکانن
پەلەوەرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەخۆشن
964+
ژێوار خدر
نزیکەی دوو مانگە ڤایرۆسێک بەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووە، تاوەکو ئێستا بە هەزاران مریشک و جوچک بەهۆیەوە مردار بوونەتەوە.
ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە درووست بوون بریتین لە، ئای بی، گەمبۆرۆ و نیو کاسڵ، کەمبوونەوەی شێی ئەرز و بەرز بوونەوەی پلەی گەرما دوو هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن و تا پلەکانی گەرما بەرزتر ببێتەوە نەخۆشییەکە توندتر دەبێت.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە 964ـى وت، نەخۆشییەکە بەردەوامە و هەموو کێڵگە پەلەوەریەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی گرتووەتەوە، ئەمەش بە پلەی یەکەم کاری کردووەتە سەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان و زۆر زەرەرمەند بوون.
50%ـى خاوەن پڕۆژەکان ئەگەر کیلۆى مریشک بە پێنج هەزار دیناریش بفرۆشن هەر زەرەریانە.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی ئەو جوچک و مریشکانەی کە لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا هەن، کاتێکی دیاریکراویان هەیە، خاوەن کێڵگەکان ناتوانن پێش یان دوای تەواوکردنی وادەی دیاریکراو بیانخەنە بازاڕ، بۆیە ناچارن بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشن.
بەقسەی نازم عەبدوى بەراورد بە هەفتەی رابردوو نرخی مریشک دابەزیووە ، لەکاتێکدا دوو هەفتە لەمەوپێش نرخەکەی بۆ هەر کیلۆیەک سەرووی سێ هەزار دینار بووە، ئەم هەفتەیە نرخەکەی دابەزیوە بۆ دوو هەزار و 400 دینار، بۆیە 50%ـى خاوەن پڕۆژەکان ئەگەر کیلۆى مریشک بە پێنج هەزار دیناریش بفرۆشن هەر زەرەریانە.
روونیشیکردەوە، ئەم ڤایرۆسە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و لە هەموو دنیا بەربڵاوە، بەڵام بۆ خواردن مەترسى نییە.
ساڵانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە 145 هەزار تۆن گۆشتى مریشکە، واتا بەپێى ستانداردى جیهانى بۆ هەر کەسێک 24 کیلۆ دانراوە، ئەم رێژەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ منداڵ و خەڵکى بە تەمەنیش هەر 24 کیلۆیە. بەڵام رێژەى بەرهەمهێنان 400 هەزار تۆنە و بەشى هەموو ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش دەکات.
لە هەرێمى کوردستان دوو هەزار پڕۆژە و کێڵگەى پەلەوەرى یاسایى و 700 کێڵگەى پەلەورى نایاسایى هەیە و بە تێکڕا زیاد لە خواستى عێراق و هەرێم بەرهەمیان هەیە.