وەستاى پیاڵە شکاوەکان
حەزو خولیاى بۆ پیشەکەى وایکردووە دوکانەکەى بکاتە ناوەندێکى کلتورى
964+
عەزیز عەبدوڵا
چایچییەک، حەزو خولیاى بۆ پیشەکەى وایکردووە دوکانەکەى بکات بە ناوەندێکى کلتورى، وێنەى موشتەرییەکانى هەڵواسیووە و ئەو پیاڵانەشى لەماوەى کارکردنیدا لە دەستى شکاون یان درزى بردووە سەرجەمیانى پاراستووە.
کازم جەبار ناسراو بە وەستا هاپۆ لەدایکبووی ساڵی 1970ـى گوندی ژەڵەیی مەملەحەیە لەناحیەی سەنگاوى سەربەقەزای چەمچەماڵ، ماوەى نۆ ساڵە دەستى کردووە بە کارى چایچێتى و ئێستا دوکانەکەى وەستا هاپۆ دەکەوێتە بازاڕى سپى حەسار لەناو سەنتەرى قەزاى چەمچەماڵ.
دوکانەکەی وەستا کازم هاوشێوەی گەلەرییەکە، بە هەڵواسینى وێنەى موشتەرییەکانى و پاراستنى پیاڵە شکاوەکانى ماوەى کارکردنى توانیویەتى هونەر و کلتور تێکەڵ بە کارەکەى بکات.
موشتەرییەکانى وەستا کازم بە دەم چایى خواردنەوە سەیرى وێنەکان دەکەن و ئەوانەى وێنەیان هەڵواسراوە خۆیان دەبیننەوە.
وەستا هاپۆ هەموو پیاڵە شکاوەکانى پاراستووە
لە ماوەى کارکردنیدا وەستا هاپۆ و موستەرییەکانى ژمارەیەکى زۆر پیاڵەیان لەدەست شکاوە، بەڵام وەستا هەموویانى پاراستووە کە بە 500 پیاڵەى شکاو مەزەندەیان دەکات.
“پیاڵەشکاوەکان و وێنەکانی ناو دوکانەکەم تەنیا خولیایەکی تایبەتی خۆمە و بۆجوانکردنی پیشەکەم کردوومە و زۆر جاریش خەڵکى بۆ بینینەوەى وێنەکانى خۆیان سەردانم دەکەن و چایى دەخۆنەوە”، وەستا هاپۆ واى بە 964 وت.
باسى لەوەشکرد، ژمارەی ئەو وێنانەی لەناو دووکانەکەى هەڵیواسیون مەزەندە دەکرێت بە 2000 وێنە، وەک دەشڵێت: ئەگەر کەسێک نەناسم وێنەکەی هەڵناواسم .
پێداچوونەوە: وریا فەتاح