"هاوکارێکی نموونەیی بووە"

خەڵاتی پێشمەرگەی دارستان بە پۆلیسێکی دارستانی قەرەداغ بەخشرا

964+
ئەحمەد مستەفا

وەک “هاوکارێکی نموونەیی” رێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور، کارمەندێکی پۆلیسی دارستانی قەرەداغی لە رۆژی جیهانی پێشمەرگەی دارستان خەڵاتکرد.

کارمەندەکە ناوی ئاراز عەتایە و لە بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ کاردەکات.

رێکخراوی پڵگانی بێ سنوور کە کار بۆ پاراستنی پڵنگەکانی کوردستان دەکات، بە هەماهەنگی و پاڵپشتی رێكخراوی جیهانی پاراستنی سروشت، بەشی گروپی پسپۆڕانی پشیلە كێویەكان و گروپی كاری پاراستنی پڵنگی فارسی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، کارمەندەکاین خەڵات کردووە.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ی وت، “لەپای هاوکاری و هەماهەنگی بەردەمیان لە بەڕێوەچوونی کارەکانیان، رێکخراوی پڵنگانی بێ سنور خەڵاتی رێزلێنانی بەخشی بە بەڕێوەبەرایەتیمان و کارمەندی نمونەیی (ئاراز عەتا محەمەد) لەبەرانبەر ئاستی بەرپرسیارێتی و دڵسۆز لە پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان”.

رێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “بە گوێرەی ئەوەی رۆژی جیهانی ڕەینجەر (پێشمەرگەی دارستان) دەکەوێتە 31.7.2024، هەڵدەستن بە خەڵاتكردنی سێ كەسایەتی كە ژیانی خۆیان تەرخان كردووە بۆ پاراستنی سروشت بە گشتی و پڵنگ بەتایبەتی، یەکێکیان کارمەندی پۆلیسی دارستانی قەرەداغە”.

دیمەنی خەڵاتکردنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی و کارمەندێکی پۆلیس؛