پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتبار دەستگیركران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 31.7.2024 ئاشكرای كرد، لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك كە دزی لێكرابوو، دوو تۆمەتبار دەستگیركران و بڕێك زێڕ و پارەش دەستیان بەسەردا گیرا .
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە لە گەڕەكی كانی با لە شاری سلێمانی دزی لێكراوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لە لایەن تیمەكانی نووسینگەكەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن.
“لە كاتی دەستگیركردنیاندا دەست بەسەر بڕی (60 مسقاڵ زێڕ، پێنج هەزار و 100 دۆلار، دوو ملیۆن و 850 هەزار دیناری عیراقی) گیرا”، پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێت.
هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، ئێستا تۆمەتباران ( أ،س،م و م،م ،ع ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و دانیان بە تاوانەكەشیاندا ناوە.