لە سلێمانی
لەمەودوا بیناکان، پارک و پڕۆژەکان دەبێت رەچاوی رێگای خاوەن پێداویستی تایبەتەکان بکەن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان، بینای بازرگانی، پارک و باخەکان کردووە رەمپەی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دروست بکەن.
نووسراوەکە بۆ سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان رۆیشتووە، لەگەڵ بینای بازرگانی و شوێنە گشتییەکان.
هێمن محەمەد نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، نووسراوەکەمان بە پشت بەستن بە راپۆرتێکی ئەندازیاری و ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی، شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کراوە.
وتیشی، “هەوڵەکە بۆ ئاسانکارییە بۆ هاتوچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ناو پارکەکان، شوێنە گشتییەکان، بینای بازرگانی و پڕۆژەکان”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لەو بینا بازرگانی و پڕۆژانەش دەکات کە پێشتر دروستکراون و رەمپەیان نییە بۆ هاتوچۆی کەمئەندامان هاوکارییان بکەن و رەمپەی تایبەت لە رێڕەوی ئەوان دروست بکەن.
“داواکارییەکە بۆ سەرجەم پارک و باخەکانی ناوشاری سلێمانیشە و نووسراو ئاراستەی شارەوانیی سلێمانی کراوە” هێمن محەمەد نەجم وای وت.
لای خۆشیەوە عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو نووسراوەیان پێگەیشتووە و لەمەودوا وردتر کار لەسەر دروستکردنی ئەو رەمپەیە دەکەن لەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان پێدەدەن.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران