ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم

ئەم بابەتە بۆ ژنانە: ئاگاتان لە پیاوەکانتان بێت تەلەفۆن بۆ سەردار نەکەن

+964

شیراز عەبدڵا-هەولێر

زەنگی مۆبایلەکەی لە لێدان ناکەوێت، هەر پیاوە و تەلەفۆن دەکات و داوای ژنی دووەم و سێیەم دەکات، ئەویش رێگاکەیان پیشان دەدات خۆیشی لەگەڵیان دەچێتە سوریا و بووکەخانیان بۆ دەهێنێت.

سەردار عەبدوڵا پیاوێکی تەمەن (35) ساڵی خەڵکی قەزای خەباتە، خۆی دەڵێت بۆ هەشت ساڵ دەچێت کاری خێر دەکات و ژنان و پیاوان بە یەکتر دەگەیەنێت
سەردار بە تەواوی بیری نایەت تائێستا چەند ژن و پیاوی بەیەک گەیاندووە، بەڵام بە حیساب و کیتابی خۆی بێت خۆی دەدات لە سنووری 2000
ئێستا بازاڕە گەرمەکە لە سوریایە، سەردار چەند ساڵێکە تیکتۆکی داناوە و چالاکییەکانی خۆی پیشان دەدات، پڕە لەو ڤیدیۆیانەی هاتوچۆیەتی بۆ سوریا، زاوا دەبات و بووک دەهێنێت

سەردار زۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوسەرگیرییەکە لەسەر بنەما ئاینییەکانە، بەڵام هەندێک رەخنەی لێدەگرن، بە تایبەتی کە لە پۆستەکانیدا تێیدایە ژنانی سووری داوای بەشوودان دەکەن و بۆ راکێشانی تەماشاوانانی گۆرانییەکی عەرەبی شایی خستووەتە سەر.

لە کوردستان یاساکانی خۆمان هاوسەرگیری دووەم و سێیەم و چوارەمیان سنووردار کردووە، ئەمەی سەردار دەیکات بۆ خۆدەربازکردنە لەو یاسایانە، بۆیە ئەو پیاوانەی مەیلی ژنێک زیاتریان هەیە، بەردەوام رووی تێدەکەن.

پەیامنێری 964 چوو چاوپێکەتن لەگەڵ سەردار بکات، بەڵام لەبەر تەلەفۆنە زۆرو زەوەندەکانی بە زەحمەت چاوپێکەوتنەکەی بۆ تەواو کرا، هەر پیاوی پەرێشانی ژنی دووەم و سێیەم بوو پرسیاری کچە سورییەکانی دەکرد.
سەردار سوورە لەسەر ئەوەی کارێکی باش دەکات، بەڵام هەموو کەس بەم دوعایە ناڵێت ئامین، کانیاو بایز چالاکوانێکی بواری ژنانە دەڵێت کچان و ژنانی کورد نایانەوێت ماڵی خەڵکی تر تێکبدەن، بۆیە هەندێ لە پیاوان لە رێگەی سەردار و کەسانی تر پەنا بۆ ژنی عەرەب دەبەن.
سەردار ژنی یەکەم و دووەم تا چوارەمیش بۆ پیاوان دەهێنێت، بەڵام ئەوە ئاشکرا ناکات کە خۆی چەند ژنی هێناوە، دیسان دان بەوەشدا نانێت خۆی لەم کەین و بەینە چی دەست دەکەوێت و داهاتەکەی چەندە؟

تەمەنی 70 ساڵە و حەزی لە ژنهێنانە

تەمەنی 70 ساڵە و حەزی لە ژنهێنانە