لەگەڵ نوێنەری توركمانەكان كۆبووەوە

سودانی داوا دەكات لایەنەكان بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك رێكبكەون

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا لە لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەكات، لەسەر دەستنیشانكردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە رێكبكەون و رۆڵی هیچ لایەنێكیش پەراوێز نەخرێت.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ شەممە 27.7.2024 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە كراوە، سودانی داوای لە هێزە سیاسییەکانی کەرکوک کرد، لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێک رێکبکەون بۆ ئەوەی خواستەکانی خەڵکی پارێزگاکە جێبەجێ بکرێت.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کرد لە پێکهاتەی تورکمانی، وەک بەشێک لە بەدواداچوونەکانی بۆ لێکتێگەیشتنەکانی هێزە نیشتمانییەکان لە پارێزگاکەدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

هەروەها لە میانی دیدارەکەدا، سودانی داوای كردووە لایەنەكان پێویستە وەک یەک تیم كار بكەن هەموو هێزە نیشتمانییەکانیش بەشداربن و پەراوێز نەخرێن و بەرژەوەندیی شارەكە بخرێتە سەرووی رێككەوتنی نێوان هێزە سیاسییەكان.

لە 18.12.2023 هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجامدراوە، كە لە 2005وە ئەو هەڵبژاردنە لە كەركوك نەكرابوو، بەڵام هێشتاش پارێزگارێك بۆ شارەكە دانەنراوە.

سودانی بەرپرسێکی لە دیوانی پارێزگای کەرکوک دوورخستەوە

سودانی بەرپرسێکی لە دیوانی پارێزگای کەرکوک دوورخستەوە