لە ماوەت و باڵەکایەتى و سیدەکان
تورکیا چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کرد
964+
وریا فەتاح
شەوى رابردوو، سوپاى تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانى بۆسەر ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا، زیانى گیانى نەبووە.
ئەو شوێنانەى سوپاى تورکیا شەوى رابردوو لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە بۆردوومانى کردوون ئەمانەن: سنوورى ناحیەى قەسرێ لە قەزاى چۆمان، کوێستانەکانى سیدەکان و گوندى گەڵاڵەى قەزاى ماوەت.
بە وتەى کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، سەرەتا لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە سوپاى تورکیا شاخى کۆخە و چیاى شێخ ناسریان لە ناحیەى قەسرێ لە سنوورى قەزاى چۆمان، بۆردومان کرد.
وەک باسى دەکات، بۆردوومانەکەی سنوری قەسرێ، زۆر نزیک بووە لە ناحیەی قەسرێ، بەشێوەیەک کە تەواوی دانیشتووانی ناحیەکە هەستیان بە بۆردوومانەکە کردووە.
رونیشى دەکاتەوە، لەماوەی یەک مانگدا، ئەمە دووەمین جارە کە دەووروبەری چیای شێخ ناسر بۆردووماندەکرێت.
“هەر لە هەمانکاتدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت و کوێستانەکانی لۆلان و خنێرەیان لە قەزای سیدەکان بۆردوومان کرد”، کامەران مەلا عوسمان واى وت.
لەبارەى زیانەکانیشەوە، رێکخەرى تیمى کوردستانى CPT وتى،” هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی بۆردوومانەکانی شەوى رابردوو”.
بەپێى داتاکانى رێکخراوى (CPT)، لە ماوەى یەک مانگ 15.6.2024 تا 15.7.2024، تورکیا 381 جار هەرێمى کوردستانى بۆردوومان کردووە کە 339 هێرش بە فڕۆکەى جەنگى و 35 بۆردومان بە تۆپباران و حەوت هێرشى درۆنیش هەبووە.
هێرشەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانى هەرێم دابەش بوون:
هەولێر: 43 هێرش
سلێمانى: 43 هێرش
دهۆک: 289 هێرش
شەنگال: یەک هێرش
هەر بەپێى ئامارەکانى ئەو رێکخراوە لە، 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.
CPT یاخود “تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە چەند وڵاتێکى جیهان تیمیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکانى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، تیمى کوردستانى رێکخراوە سەرنج و پڕۆژەکانیان لەسەر ئەو بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانەیە کە دەکرێتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.