لە ئاوی خاسەی کەرکوک
بۆ راوەماسی چوبوون بەڵام یەکێکیان لێ خنکا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
گەنجێکی تەمەن 23ساڵ لەکاتی راوەماسی لە بەنداوی خاسەی کەرکوک خنکا و دوای دوو کاتژمێر تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەرهێنرا.
شەوی رابردوو ژمارەیەک گەنج بەمەبەستی راوەماسی روو دەکەنە بەنداوی خاسە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 26.7.2024 یەکێک لە گەنجەکان لە ناو بەنداوەکەدا دەخنکێت.
نیزاڵ عەلی، پۆلیسی روبار بە 964ـی وت، ئەم گەنجەی کە خنکاوە تەمەنی 23 ساڵەو دانیشتووی دەروازەی شاری کەرکوکە و بۆ راوەماسی روویان لە بەنداوەکە کردبوو.
هاوڕیکانی گەنجە خنکاوەکەش وەک شایەتحاڵ قسە دەکەن و دەڵێن، هاوڕێکەمان بۆ مەلەکردن چووە بۆ ناو ئاوەکە و بەهۆی ئەوەی کە شارەزایی نەبووە لە مەلەکردن لەناو بەنداوەکەدا دەخنکێت.
تەرمی گەنجە خنکاوەکە دوای دوو کاتژمێر دۆزرایەوە و توانرا لە بەنداوەکە دەربهێنرێت.
964سۆراغی کردووە کە لەماوەی سێ مانگی رابردودا لە شاری کەرکوک 10 کەس خنکاوەن و دوو لە خنکاوەکان ژن بون.
پێداچوونەوە : سۆما حەکیم زادە