کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی
%75ـی ماڵەکانی ناحیەی بنگرد سیستمی سۆلار بەکاردەهێنن
964+
ژێوار خدر
هاوڵاتیانی ناحیەی بنگرد لە قەزای دوکان، پشت بە سیستمی سۆلار دەبەستن بۆ دەستخستنی کارەبا.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی ناحیەکە لە قەزای دوکانەوە کارەبای پێگەیشتووە، 24 کاتژمێر بەردەوام کارەبای نیشتمانیان هەبووە، لەم دواییانەدا لەگەڵ کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، بە وتەی خەڵکی ناحیەکە کارەباکەی ئەوانیش لە 24 کاتژمێرەوە کەمی کردووە بۆ 15 کاتژمێر، ئەمەش وایکردووە بیر لە رێگاچارەیەکی دیکە بکەنەوە بۆ دەستخستنی کارەبا و پەنایان بردووە بۆ دانانی سیستمی سۆلار بۆ ماڵەکانیان.
رێبوار رەسوڵ دانیشتوویەکی ناحیەی بنگردە و سیستمی سۆلاری بۆ ماڵەکەی داناوە بە 964ـی وت، لەدوای کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی، بۆماوەی نۆ کاتژمێر بێ کارەبا دەبووین و ئەوەش بەم وەرزی گەرمایە زۆر سەختە، لەبەرئەوەی ماڵەکانیش بە شێوەیەکی بەربڵاو دابەش بوون، گونجاو نەبوو مۆلیدەیەک بۆ ناحیەکەمان دابنێین، بۆیە بڕیاریان دا سیستمی سۆلار بۆ ماڵەکانیان بەکاربهێنن.
وتیشی، “تا ئێستا %75ـی خەڵکی ناحیەکە سیستمەکەیان بۆ ماڵەکانیان داناوە و سوودی لێ وەردەگرن، هەر ئەوەش نا دانیشتووانی گوندەکانیش دەستیان کردووە بە دانای سیستمەکە بۆ ماڵەکانیان”.
”ناحیەی بنگرد نزیکەی 200 ماڵی تێدایە، لەو ژمارەیە 120-130 ماڵیان ئێستا سیستمی سۆلار بەکاردەهێنن و ژمارەکەش روو لەزیاد بوونە” رێبوار رەسول وای وت.
ئێستا %30 ی وزەی کارەبای لە جیهاندا بەهۆی سیستمی سۆلار بەرهەمدێت، بریتییە لە پانێڵێکی رووتەخت لە سەقفی بیناکان و ماڵەکاندا بەکاردێت، بۆ گۆڕینی تیشکی خۆر بە وزەی کارەبا، کە دەتوانرێت بەکاربێت بۆ زۆربەی زۆری ئامێرە کارەباییەکان کە لەژیانی رۆژانەدا گرنگن.