دوای دوو هەفتە لە خنکانی
تەرمی منداڵە دوو ساڵانەکەی بێخاڵ دۆزرایەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
تەرمی منداڵێکی دوو ساڵان لە روباری بێخاڵ دۆزرایەوە.
کەمێک پێش ئێستا تەرمی ئەو منداڵە دوو ساڵانەی، دوو هەفتە لەمەوپێش لە باوەشی باوکیەوە کەوتە ناو ئاوی بێخاڵ دۆزرایەوە.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت، ”تیمەکانمان ئاگادار کرانەوە لەوەی تەرمی منداڵەکە لە رووباری بێخاڵ بیندراوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و تەرمی منداڵەکەیان لە ئاوە دەرهێنا”.
وتیشی، ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ دۆزراوەتەوە، شوێنێکی سەختە و نزیکەی چوار کیلۆمەتر دوورە لەو شوێنەی منداڵەکە لێی خنکابوو.
روونیشیکردەوە، تەرمەکە کەوتبووە ژێر تاشە بەردێک، رێگاکە سەختە تاکو تەرمە دەهێنینە خوارەوە کاتی دەوێ.
باسی لەوەشکرد، لە دوای هێنانە دەرەوەی تەرمەکە بەڕێدەکرێت بۆ پزیشکی دادی سۆران بۆ توێکاری و دواتر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
ئەمساڵ 11کەس لە سنوری سۆران خنکاون، تاکو ئێستاش تەرمی مندالێک بێ سۆراغە و نەدۆزراوتەوە کە زیاتر لە 45 رۆژە ونە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر