دواى 13 رۆژ

تەرمى گەشتیارە خنکاوەکەی دوکان دۆزرایەوە

964+

وریا فەتاح

کەمێک پێش ئێستا تەرمى گەشتیارە خنکاوەکەى دوکان دۆزرایەوە کە 13 رۆژ لەمەوبەر لە ئاوى ناوچە گەشتیارییەکانى خوارەوەى بەنداوى دوکان، خنکا بوو.

عەزیز عەبدوڵا پەیامنێرى 964 کە خۆى ئەندامى تیمى خۆبەخشى مەلەوانى گۆپتەپەیە رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لەلایەن ژمارەیەک گەنجى گۆپتەپە تەرمى ئەو گەنجەمان لە گۆپتەپە دۆزیوەتەوە کە لە دەریاچەى دوکان خنکا بوو.

وەک باسى دەکات، لەلایەن خاوەن کەپرە گەشتیارییەکانى ئاگادار کراونەتەوە کە تەرمى کەسێک لەسەر ئاوەکە دەرکەوتووە، دواى ئەوەى وەک تیمى خۆبەخشى مەلەوانى گۆپتەپە چوونەتە شوێنەکە دەرکەوتووە تەرمى ئەو گەشتیارە بە نەتەوە عەرەبەیە کە لە رۆژى 10.7.2024، لە دوکان خنکا بوو.

عەزیز عەبدوڵا کە پێشتریش بۆ ماوەى سێ رۆژ لە سنوورى دوکان بە دواى تەرمەکەدا گەڕابوو، وەک باسى دەکات تەرمەکە بە درێژەى 25 خولەک رێى وشکانى بە ئۆتۆمبێل لە شوێنى خنکانى دوورکەوتووەتەوە.

ئێستا تەرمى گەشتیارەکە لەلایەن گەنجانى گۆپتەپەوە هێنراوەتە لێوارى زێى بچوک و تیمەکانى ئاسایش و تەندروستى ئاگادار کراونەتەوە و چاوەڕێ دەکەن بگەنە شوێنەکە.

گۆپتەپە گوندێکە کەوتووەتە سنوورى ناحیەى ئاغجەلەرى سەر بە قەزاى چەمچەماڵ لە پارێزگاى سلێمانى، زێى بچوک کە لە دوکانەوە شۆڕدەبێتەوە بە گوندى گۆپتەپەدا تێدەپەڕێت.

ئەگەر 10 خاڵ لەبەرچاو بگریت رێگری لە خنکان و ئاگرکەوتنە...

ئەگەر 10 خاڵ لەبەرچاو بگریت رێگری لە خنکان و ئاگرکەوتنەوە دەکەیت