“با خێزانەكان منداڵهكانیان له نهخۆشخانه نهبهنه دهرهوه”
+964
رێژوان مامە قادر- سلێمانی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی داوا لە تەندروستی سلێمانی دەکات، بڕیار بدرێت خێزانەكان نەتوانن منداڵەكانیان لەسەر بەرپرسیاریەتیی خۆیان ببهنه دەرەوەی نەخۆشخانە، كاتێك وهك نهخۆش لهوێ دهخهوێندرێن.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی “نهخۆشخانهی د. جهمال رهشید”، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەوان ئەو داوایەیان بەرزکردووهتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بۆ ئەوەی بکرێت بە بڕیار و دەشکرێت بە بڕیار.
وتیشی، چەندین منداڵ گیانیان لەدەست داوە یان تووشی ئیفلیجی بوونە بە هۆکاری ئەوەی دایک و باوکەکە لەسەر بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە نەخۆشخانە دەریانبهنه دهرهوه.
تازەترین حاڵەت چەند رۆژێک پێش ئێستا بووە، منداڵێک بووە کە تووشی زەردوویی بووه، دایک و باوکی دەیبەنەوە، بەبێ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرێت و دوای ئەوەی دووبارە دەیبەنەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر بارودۆخی زۆر خراپ بووە و تووشی گەشکە بووە.
چاوهڕێ دهكرێت ئەو داواکارییه بکرێن بە بڕیار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی، بەڵام د.پشدەر دەڵێت، بەدواداچونی باشی تیمەکانی دەوێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.
سامان حوسێن، بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، تا ئێستا داواكارییەكە بە ئێمە نەگەیشتووە، هەر كاتێك گهیشت، كۆبوونەوەی لەسەر دەكەین و دەیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.