گوڵی شادکام. فۆتۆ: رێکخراوی هەنگاو
رێكخراوێك وادەڵێت
هەڕەشە لەسەر ژیانی ژنە نووسەرێكی كورد هەیە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
گوڵی شادکام، لێکۆڵەری کورد و لەدایکبووی قووچان سەر بە خوراسانی رەزەوی کە لەم دواییانەدا گەشتی کردبوو بۆ وڵاتی کەنەدا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بەتایبەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەڕەشەی لێکراوە و لە مەترسیدایە، ئەمە بەپێی راپۆرتی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ.
رێكخراوەكە، كە بایەخ بە پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەدات، ئاماژەی بەوە دا لەم دواییانەدا گوڵی شادکام، کارناسی لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دانیشتووی وڵاتی کەنەدا بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕووبەڕووبووەتەوە، ئەو پێشتر لە جێگەی راوێژکاری نووسینگەی تۆمارکردنی میراتی مانایی پارێزگای خوراسانی رەزەویدا چالاکی هەبووە.
هەر لەم بارەیەوە گوڵی شادکام بە ماڵپەڕی هەنگاوی راگەیاندووە کە: “ئەو هەڕەشانە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران و مردنی ئیبراهیم رەئیسی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت بە ناوەڕۆکی حیجابی زۆرەملێ، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ستەمی رێکخراوانە دژ بە ژنان و کوردەکان، لە ئینستاگرام و گرووپە تەلەگرامییەکانی کوردەکانی خوراسان زۆرتری کردووە، بە شێوەیەک کە دڵنیام گەڕانەوەم بۆ ئێران لە هەر دۆخێکدا بێت لێکەوتەی جددیی بەدواوە دەبێت.”
“گوڵی شادکام لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی چالاکییە کولتووری و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە”، رێكخراوی هەنگاو وادەڵێت.
ئەو لێکۆڵەر و نووسەرە کوردە خاوەنی چەند کتێبی و بەرهەمی بڵاوكراوەیە و لە بواری لێکۆڵینەوەشدا زیاتر لە 25 هەزار وشە، دەستەواژە و تەشەری کوردیی کورمانجیی خوراسان، 2500 سترانی فۆلکلۆری کوردیی خوراسان وەک سێ خشتی لە گوند و گەڕەکە عەشیرەتە کوردنشینەکانی خوراسان، 200 سترانی فۆلکلۆر وەک “چارۆک”، 200 مەتەڵی کوردیی کورمانجیی خوراسان و كۆمەڵێك كاری دیكەی كۆكردووەتەوە.