پیسبونی ژینگەی یەکێک لە گەڕەکەکانی کۆیە _ وێنە: 964
"مەنۆڵەکان بێ سەرن"
سێ گەڕەکی کۆیە بۆنیان لێ دێ و خەڵک بێتاقەتن
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
لە ژمارەیەک گەڕەکی کۆیە بەهۆی تەواونەکردنی بۆکسی تایبەتی ئاوەڕۆ و مەنۆڵی ماڵان بۆ دەرەوەی شار و رۆیشتنی ئاوەڕۆکە بە زەوییەکانی نزیک گەڕەکەکاندا، “دانیشتوانەکەیان داد و بێدادی دەست بۆنی ناخۆش و پیس بوونی ژینگەکەیانە”.
964 سۆراغی کردووە و لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی ناوچەکە قسەی کردووە، لە کاتێکدا سەرۆکی شارەوانیی کۆیە دەڵێت، “ئاوەڕۆکەی پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە”.
هەریەکە لە گەڕەکەکانی ئەندازیاران، ئازادی و ناوداران، بەهۆی ئەوەی بۆکسی ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکانە کە بە کۆنکرێت دروستکراون، وا دروست نەکراوە تا کۆتایی شار بڕوا، تاوەکو پیسیی و بۆنە ناخۆشەکەی بە ناو گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاونەبێتەوە، بەڵکو لەو گەڕەکانە ئاوەڕۆکە بە شێوەی جۆگە و رووبار دەروا و بەشێکی ئەو زەویانەی ئاوەڕۆکەیان پێدا دەڕوات سوودیان لێوەرگیراوە و دار و درەختیان پێئاو داوە.
محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە بە 964ی وت، “هەر پڕۆژەیەک کە ئێمە دەیکەین، ئاوەڕۆکەشی لەگەڵ دروست دەکەین، بۆ ئەوەی کارەکە نەبێتە دوو ئیش، ئاوەڕۆی گەڕەکی ئەندازیاران بەهۆی پڕۆژەی دوو سایدی فیدڕاڵییەوە تەواومان نەکردووە، لە کاتی خۆی چاکی دەکەین”.
ئەو ئەمڕۆ یەکشەممە 21.7.2024 وتیشی، “کاری ئاوەڕۆ پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە، هەر کات لە پرۆژەکانی ئێمە کاری ئاوەڕۆی تێدابێت خۆمان دەیکەین”.
964 پەیوەندی بە هۆگر کەیفی بەڕێوەبەری ئاوی کۆیە کرد، رایگەیاند”کە پەیوەندی بەوانەوە نییە”، نزیکی ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکانە مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دروست کردووە، “بەهۆی رێژەیەکی زۆری پیسیی و هەبوونی سەگی بێلانە و بۆنێکی ناخۆش لە نزیکی ئاوەڕۆکانیان”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا