به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن
تا ئێستا خاوه‌نى ئه‌و پیكابه‌ى گۆمى دیندارانى شێواندبوو نه‌دراوه‌ته دادگا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
تا ئێستا ئه‌و شۆفێره نه‌دۆزراوه‌ته‌وه كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به ئۆتۆمبێله‌كه‌ى گۆمێكى كوێستانه‌كانى سیده‌كانى شێواند و ژینگه‌ى سۆرانیش ده‌ڵێت، به‌رده‌وام هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ی ده‌ده‌ین.
به‌پێی گرته‌ڤیدیۆیه‌ك كه له رۆژى 7.7.2024 بڵاوكرایه‌وه، ئۆتۆمبێلێكی جۆرى (پیكاب) له‌ناو یه‌كێك له گۆمه ئاوه‌كانى كوێستانى سیده‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه دێت، كه چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وكات شۆفێرى ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (نیسان پاتڕۆڵ) درایه دادگا به‌هۆى ئه‌وه‌ى گۆمى بێرمه‌ساردی له كوێستانه‌كانى هه‌ڵگورد شێواندبوو.
(پیكاب)ـه‌كه، له ناو گۆمى بێرمى دینداران له سنوورى كوێستانه‌كانى قه‌زاى سیده‌كان ده‌بیندرێت و به‌خێراییه‌كی زۆره‌وه به‌ناو ئه‌م گۆمه‌دا هاتوچۆ ده‌كات.
هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند، له‌وكاته‌وه تا ئێستا به‌دواى ئه‌و شۆفێره‌دا ده‌گه‌ڕێن بیده‌نه دادگا، به‌ڵام نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
وتیشى “لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان له‌و شۆفێره ئاگاداركراوه‌ته‌وه بۆئه‌وه‌ى هاوكار بن له ده‌ستگیركردنى”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كێشه‌ى نه‌دۆزینه‌وه‌ى ئه‌م شۆفێره ئه‌وه‌یه كه هیچ نیشانه‌یه‌ك له گرته‌ڤیدیۆكه‌دا دیارنییه شۆفێره‌كه‌ى پێ بناسرێته‌وه، به‌ڵام ئێستا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له رێگه‌ى ژماره ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌وه بیدۆزنه‌وه و راده‌ستى دادگاى بكه‌ىن.
پێشتریش هه‌ژار ماهیر، به 964ـى وتبوو له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران قسه‌ى كردووه كه پێویسته ئه‌م جۆره كه‌سانه بدرێنه دادگا و سزا بدرێن.
چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌م رووداوه‌ش ئه‌و شۆفێره‌ى گۆمی بێرمه‌ساردى شێواندبوو، له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێره‌وه درایه دادگا.
به قسه‌ى هه‌ژار ماهیر سزادانى ئه‌م جۆره سه‌رپێچییانه، به پێی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 ـى یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و ماددەكانی 41 و 42 ـه، كه هه‌م به‌ندكردن و سزاى پێبژاردنیشی تێدایه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، جگه له به‌ندكردن، سزاى پێبژاردن بۆ سه‌رپێچییه‌كه ده‌كرێت، كه ئه‌ویش له 150 هه‌زار دینار تا 200 ملیۆن دیناره.