ژینگه‌ى سۆران: ده‌درێته دادگا
دواى (پاتڕۆڵ)ـه‌كه (بیكاب)ێكیش له سنوورى سیده‌كان گۆمه‌ئاوێك ده‌شێوێنێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی گرته‌ڤیدیۆیه‌ك، ئۆتۆمبێلێكی جۆرى (پیكاب) له‌ناو یه‌كێك له گۆمه‌ئاوه‌كانى كوێستانى سیده‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه دێت، كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شۆفێرى ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (نیسان پاتڕۆڵ) درایه دادگا به‌هۆى ئه‌وه‌ى گۆمى بێرمه‌ساردی له كوێستانه‌كانى هه‌ڵگورد شێواندبوو.
(پیكاب)ـه‌كه، له ناو گۆمى بێرمى دینداران له سنوورى كوێستانه‌كانى قه‌زاى سیده‌كان ده‌بیندرێت و به‌خێراییه‌كی زۆره‌وه به‌ناو ئه‌م گۆمه‌دا هاتوچۆ ده‌كات.
هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌مشه‌و ده‌یان جار ئه‌و گرته ڤیدیۆیه‌ى له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه بۆ نێردراوه، بۆئه‌وه‌ى بزنن چ رێكارێك له به‌رامبه‌ر شۆفێره‌كه‌ى ده‌گرنه به‌ر.
وتیشی “سبه‌ی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران قسه ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م جۆره كه‌سانه بدرێنه دادگا و سزا بدرێن”
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد فه‌رمانگه‌كه‌یان به‌هۆى ئه‌وه‌ى تا ئێستا فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندى بۆ دانه‌مه‌زراوه و به‌شی یاسایی نییه، بۆیه ناتوانن راسته‌وخۆ داواى یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه تۆمار بكه‌ن، كه سه‌رپێچی به‌رامبه‌ر ژینگه ده‌كه‌ن.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و شۆفێره‌ى گۆمی بێرمه‌ساردى شێواندبوو، له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێره‌وه درایه دادگا.
به قسه‌ى هه‌ژار ماهیر سزادانى ئه‌م جۆره سه‌رپێچییانه، به پێی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 ـى یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و ماددەكانی 41 و 42 ـه، كه هه‌م به‌ندكردن و سزاى پێبژاردنیشی تێدایه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، جگه له به‌ندكردن، سزاى پێبژاردن بۆ سه‌رپێچییه‌كه ده‌كرێت، كه ئه‌ویش له 150 هه‌زار دینار تا 200 ملیۆن دیناره.