له‌ بانكه‌كانی هه‌رێم “كارت” جێی “كاش” ده‌گرێته‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

بڕیاره‌ تا مانگى ته‌مووزى داهاتوو زۆربه‌ى مامه‌ڵه‌كانى كڕین و فرۆشتن و مامه‌ڵه‌ بانكییه‌كان له ‌هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ كارت، له‌وانه‌ش مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له ‌رێگه‌ى كارتی تایبه‌ته‌وه‌ دابه‌ش بكرێت.

هاوار شێخ ره‌ئووف به‌ڕێوه‌به‌رى گشتىی بانكه‌كانى هه‌رێم، به‌ تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “بڕیارێك هه‌یه‌ له‌ بانكى مه‌ركه‌زى عێراقه‌وه‌، له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى داهاتوودا، هه‌رچی مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتن هه‌یه‌ بكرێته‌ كارت، به‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه‌”.

وتیشی، له‌ عێراق ده‌مێكه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كراوه‌ته‌ كارت، ئیراده‌یه‌ك هه‌یه‌‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك كارتى بانكى هه‌بێت و مامه‌ڵه‌كردنى كاشیش زۆر كه‌مبكرێته‌وه‌.

به‌قسه‌ى ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌، تا مانگى ته‌ممووزى داهاتوو مامه‌ڵه‌كردن به ‌كارت له‌ جیاتى كاش ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

“ئه‌م بڕیاره‌ ته‌واوى مووچه‌خۆران ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له ‌عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كاتى پێویسته‌،‌ چونكه‌ بانكه‌كانى هه‌رێم له‌ دۆخێكی خراپدان”، هاوار شێخ ره‌ئووف وا ده‌ڵێت.

تۆڕى964 له‌ رێگه‌ى بانكه‌كانى هه‌رێم، ئه‌و زانیارییانه‌ى وه‌رگرت، كه‌ بڕیار‌ى به‌كارتكردنى مامه‌ڵه‌كان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، دواى ئه‌وه‌هات به‌هاى دۆلار له ‌ته‌واوى عێراقدا زۆر به‌رزبووه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌ پێویست زانراوه‌‌ ئه‌و كاره‌ بكرێت، هاوار شێخ ره‌ئووفیش ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد  “دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ له‌ بانكى ناوه‌ندى عێراقی ده‌رچووه‌”.

له ‌هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌مێكه‌ باس له‌ سیستمى به‌ئه‌لیكترۆنیكردنى مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانكه‌كانی هه‌رێم ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و كۆده‌ى بایۆمه‌ترى كه‌ پێشتر بۆ ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمی كوردستان دروستكراوه‌، بكرێته‌ پێوه‌ر و بنه‌ما بۆ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنى مووچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌ر‌انى هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و ده‌ڵێت “به‌كارتكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران سیستمێكی تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌كارهێنانى یه‌كێك له‌و كارتانه‌یه‌ كه‌ ئێستا له ‌ته‌واوى عێراق كاری پێده‌كرێت، له‌وانه‌ش كی- كارت، كه‌ مانگانه‌ مووچه‌كه‌یان وه‌ك باڵانس بۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر و له ‌رێگه‌ى ئامێرى ATM یشه‌وه‌ مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن”.