4 هەزار و 479 کەس فۆڕمەکەى پڕکردووەتەوە
ئەنجامى پەڵپگرتنەکانى دامەزراندنى 168 کەسەکە رادەگەیەنرێت
964+
وریا فەتاح
قایمقامییەتى کفرى ئەنجامى کۆتایى ئەو پەڵپگرتنانەى راگەیاند کە لە دامەزراندنى 168 کەسەکە درابوون و کۆتایى هات.
بەپێى راگەیەنراوێکى قایمقامییەتەکە، لە ماوەی رابردوودا لە رێی پرۆسەیەکی شەفاف و سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە، بە رەچاوکردنی سیستمی خاڵبەندی، مافی پێشکەشکردنیان بە مەبەستی دامەزراندنی 168 کەس بە شێوازی گرێبەست، بە خەڵکى شارەکە بەخشیوە.
باس لەوەش کراوە، دواى دوو هەفتە لە پێشکەشکردنى فۆڕم، رۆژى 13.7.2024 پێشکەشکردن بۆ سیستمەگە راگیرا و دواى 24 کاتژمێر ئەنجامە سەرەتاییەکان راگەیەنران، رێگەشدرا ئەوانەى گلەیى و سەرنجیان هەیە لە ماوەى سێ رۆژدا پەڵپ بگرن.
“دوای سێ رۆژ و ئەمڕۆ 18ـی تەمووز لیژنەی وردبینی لە پەڵپەکان، دەرئەنجامی کۆتایی رادەگەیەنن”، قایمقامییەتى کفرى واى نووسیوە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەدا قایمقامییەتى کفرى دەڵێت: ئێمە دەزانین کەسانێکی زۆرهەن دانەمەزراون و ئومێدیان لەسەر ئەم دامەزراندنە هەڵچنیبوو، ئێستا ناویان نەهاتووەتەوە و نیگەرانن، ئەمە بۆ ئێمەش جێگەی نیگەرانییە و دڵتەنگین بۆیان، بەڵام دەبێت خەڵکی شارەکەمان و پێشکەشکارانی وەرنەگیراو ئەو راستییە بزانن سیستمەکە ناچارە لە نێوان 4 هەزار و 479 کەسدا تەنیا 159 کەس هەڵبژێرێت، ئەو نۆ کەسەشی ماونەتەوە پشکی ناحیەکانی سنووری کفرین.