کارمەندێکی تەندروستی ئامێری پشکنینی کۆرۆنای بەدەستەوەیە. وێنە: ئاژانسەکان
هەموو رۆژێك دەمانترسێنن
تەندروستیی جیهانی: هەر بزانە ڤایرۆسێكی نوێ بڵاوبووەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، ئەمڕۆ چوارشەممە 17.7.2024 رایگەیاند، رەنگە پەتای داهاتوو لە گۆشەیەکدا بێت و ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا بڵاوببێتەوە و تەنیا لەسەر كات وەستاوە.
سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەزگای دانوستانکاری نێوان حکومەتەکان کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو، بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی رەشنووسی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە خۆپاراستن لە پەتاکان، هۆشداری لەم بابەتە داوە.
جەختیشی لەوە کردەوە: “ئەمە سەرهەڵدانی ئێستای ڤایرۆسی H5 N1 (ئەنفلۆنزای باڵندە)مان بیردەخاتەوە، چونکە رەنگە پەتای داهاتوو تەنیا لە گۆشەیەکدا بێت و دەکرێت لە هەر کاتێکدا بڵاوبێتەوە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئێمە بکات”.
سەرۆکی رێکخراوەکە ئەو بەڵگەنامەیەی کە دەزگاکە ئامادەی کردووە بە “رێککەوتنی نەوەكان” وەسف دەکات، ئاماژەی بە گرنگی ئەو کارانەش کرد کە لەلایەن ئەم دەزگایەوە ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی لەوەش کردەوە کە “تەواوکردنی دانوستانەکان لەمساڵدا رووداوێکی مێژووییە”.
لە رۆژانی كۆتایی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ناوە زانستییەكەی كۆڤید 19یە، بە جیهاندا بڵاوبووەوە و بە هەزاران كەس گیانیان لە دەست دا و دواتر چەند ڤێرژنێكی دیكەی ڤایرۆسەكە بڵاوبووەوە.
پاشان چەند ڤاكسینێكی بۆ دروست كرا و دوو ساڵ مرۆڤایەتی خۆپارێزی بەرامبەر ڤایرۆسەكە كرد، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش ڤایرۆسەكە ماوە و بەپێی زانیاریی رێكخراوی تەندروستیی جیهان، ئێستاش خەڵك بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیان لە دەست دەدەن.