پۆلیسى سلێمانى:

کارمەندێکى هێزەکانى کۆماندۆ لەسەر کوشتنى مێردمنداڵەکەى سلێمانى دەستگیرکرا

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى شەوى رابردوو مێردمنداڵێکى تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەکى راپەڕینى سلێمانى کوژرا، پۆلیسى تۆمەتبارێکى دەستگیرکرد کە کارمەندى هێزەکانى کۆماندۆیە.

لەراگەیەندراوێکدا پۆلیسى سلێمانى دەڵێت: دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتە شوێنی روداوەكەو دەركەوت كە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە.

باس لەوەشدەکات، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو و سەرەنجام دەركەوت كە تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ.

پۆلیسى ئاشکراى کردووە کە سەرلەبەیانى ئەمڕۆ، تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و رادەستى هێزەکانى پۆلیسى سلێمانى کرا.

لە ئێستادا تۆمەتبار (ف ، ف ، م ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراق راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .