خانمه‌ رۆژنامه‌نووسێك دەستگیر كرا

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

خانمه‌ رۆژنامه‌نووسێكی شاری سلێمانی به‌ هۆی نووسینی بابەتێك لەسەر نەخۆشخانەی شار دەستگیر كرا.

كاروان ئەنوەر نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان – لقی سلێمانی،  بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ لەسەر سكاڵایەكی نەخۆشخانەی شار لە بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ رۆژنامه‌نووس سۆما خالید دەستگیركراوە و بە فەرمانی دادوەر بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژ راگیراوە.

 وتیشی “ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن  دەستگیركراوە، به‌ڵام  سبەینێ بە كەفالەت ئازاد دەكرێت”.

لە ماوەی دوو رۆژدا نەخۆشخانەی شار دوو كەیسی بۆ دوو رۆژنامەنووس كردووەتەوە، دوێنێ یەكشەممەش رۆژنامەنووس ئیحسان حەسەن، لەسەر داوایەكی نەخۆشخانەی شار رەوانەی بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ كرا و بە كەفالەتی 145 هەزار دینار ئازاد كرا.

هیوا رەزا بەڕێوەبەری بەرنامەكانی كه‌ناڵی كەی ئێن ئێن به‌ تۆڕی 964ی وت، ئاگادارن سۆما خالیدی پەیامنێریان بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەستگیر كراوە، بەڵام لەسەر بابەتی كەناڵەكەیان نەبووە و لەسەر نووسینی بابەتێك بووە لە فەیسبووكەكەی خۆی.

سۆما خالید بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیر كراوە و فەرمانی دەستگیركردنەكەی كەفالەت دەیگرێتەوە و دەتوانرێت بە كەفالەت ئازاد بكرێت.