دژی مێرووە زیانبەخشەكان
لە سەنتەری دوكان هەڵمەتی رشاندن بە دەرمانی قڕكەر دەستیپێکرد
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستی شەهید مەحمود سێدەری، لەناو سەنتەری قەزای دوكان هەڵمەتکی رشاندنیان بە دەرمانی قڕكەر و بە شێوازی دووكەڵ دژی مێروە زیانبەخشەكان دەستپێکرد، بەڕێوەبەری مەڵبەندەكەش دەڵێت، “هەڵمەتەكە تەواوی سنووری قەزای دوكان دەگرێتەوە.”
سەرەتا هەڵمەتەكە لە سەنتەری قەزای دوكانەوە دەستپێدەكات، لە قۆناغی دووەمدا ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری و گەوەڕو لەوەڕگاكانیش دەڕشێنرێت.
ئەمڕۆ 15.7.2024 د. نەوزاد سەیدگوڵ، بەڕێوەبەری مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستیی شەهید مەحمود سێدەری بە 964 ی وت، “ئەمڕۆ دەستمان بە هەڵمەتەكە كردووە و سەرەتا لە قایمقامیەت و چەند فەرمانگەیەكی دوكانەوە دەستمانپێكرد، دوای فەرمانگەكان ناو بازاڕی قەزاكەشمان بە شێوازی دووكەڵ رشاندووە، دەرمانەكە قڕكەری مێرووە زیانبەخشەكانە وهەڵمەتەكەش درێژخایەنە و سێ بۆ چوار مانگ دەخایەنێت.”
وتیشی، مانگی یەكەم هەڵمەتەکە تەنیا سەنتەری قەزای دوكان تەواو دەكەین، لە مانگی داهاتوو دەچینە ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری قەزای دوكان، گەوەڕ و لەوەڕگاكانیش دەڕشێنین، دەرمانی دژی کێچ، ئەسپێ، شژ و گەنەی مەڕوماڵات بەكاردەهێنین، بۆ نەهێشتنی مەترسی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنوورەكەماندا.
باسی لەوەش كرد، لە هەر مانگێكدا دەتوانین 10 رۆژ هەڵمەتەكە ئەنجام بدەین و هەوڵدەدەین لە كاتی دیاریكراودا تەواوی سنوورەكە دەرمانڕێژ بكەین.
”بەدوو تیم هەڵمەتەكە ئەنجام دەدەین، ئەمە یەكەم ساڵیشە دەچینە ناحیە و گوندەكان و گەوەڕ و لەوەڕگاكان دەڕشێنین، ساڵانی رابردوو تەنیا قەزای دوكانمان دەڕشاند، ئەمساڵ هەڵمەتەكەمان فراوانتر کردووە”، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی دوكان وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر