پەیامنێری 964 دەنگیانی گەیاندووە

کێشەی بێ کارەبایی کاسبکارانی ناو عەلوەی کەلار چارەسەر دەکرێت

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بۆ 964 نێردراوە، کاسبکارانی عەلوەی کەلار بەیانیان لە کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیان دەڕۆنە دوکانەکانیان، بەڵام کارەبایان نییە و بە فلاشی مۆبایل کارەکانیان دەکەن، دەڵێن مەترسی ھەیە دزیمان لێبکرێ بەو تاریکییە.

کاسبکارێکی ناو عەلوەی کەلار، لەو ڤیدیۆیەی کە بۆ 964ی ناردووە دەڵێت “بەیانیان کاتژمێر 3:00 دەڕۆینە عەلوە و دەست بە ئیشوکاری خۆمان دەکەین، بەڵام ماوەی ھەفتەیەکە بەیانیان کارەبامان پێنادرێت و بە ناچاری فلاشی مۆبایلەکانمان دادەگێرسێنین بۆ رووناککردنەوەی عەلەوەکە.”

”جگە لەوەی زۆرینەی بەرھەمەکان پێویستیان بە ساردکەرەوە ھەیە، کاتێک عەلوەکە تاریک بێت، مەترسی دزیکردنیش زیاتر دەبێت چونکە کامێرای چاودێرییش بەبێ کارەبا ئیش ناکەن”، ئەو کاسبکارەی عەلوەکە وای وت.

زبڵێکی زۆر لە عەلوەی کەلار کۆبووەتەوە

زبڵێکی زۆر لە عەلوەی کەلار کۆبووەتەوە

بە پێی زانیارییەکانی 964 چەند رۆژێکە کارەبای عەلوەی کەلار، لە کاتژمێر 7:00ى ئێوارەوە دەبڕێت لە 4:00ی بەیانی پێیان دەدرێتەوە، پێشتر لە کاتژمێر 1:00 شەو کارەبایان پێدەدرایەوە، کاسبکارانیش داوا دەکەن کاتێک دەڕۆنە دوکانەکانیان کارەبا ھەبێت.

ئالان ئەرکان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت، “بەھۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، ماوەی 4 رۆژە کارەبای عەلوەی کەلار و کارگەکان ماوەی 2 کاتژمێر کەمکراوەتەوە.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “دوای پەیوەندییەکەی پەیامنێری 964 لەسەر ئەو گرفتەی کاسبکارانی عەلوەکە، قسەمان لەگەڵ بەشی کۆنتڕۆڵ کردووە، بڕیارە لە سبەینێوە لە کاتژمێر 3:00ی بەیانی لەکاتی رۆیشتنە سەر کاری کاسبکارانی عەلوەکە، کارەبای نیشتمانییان پێبدرێت.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر