پلان بۆ سەوزکردنەوەی دادەنرێ
رووبەری سووتاوی گۆیژە نزیکەی 200 دۆنمە
+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
پۆلیسی دارستانی سلێانی رووبەری سووتانی شاخ و دامێنی گۆیژەی بە 200 دۆنم زەوی خەمڵاندووە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆکارێکی “تائێستا نادیار” ئاگری گرت.
بەشێک لەو دارانەی سووتان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە پڕۆژەی سەوزکردنی سلێمانی لە دامێنی شاخە چێندراوون.
جگە لە دارەکان ژمارەیەک گیانەوەری خشۆک و پەلەوەر زیانیان بەرکەوتووە، پەیامنێر 964 لە سلێمانی بەدواداچوونی بۆ زیانەکان کردووە و دەڵێت، “جگە لە دەیان دار کە سووتاون یان بەتینی ئاگر گەشتووە پێیان، لە هەمان کاتدا هێلانەی چەندین باڵندە و کوخی ئاژەڵان سووتاون”.
تائێستا روون نیە هۆکاری ئاگرەکە چییە، ئەوە جگە لەوەی لە شەوی رابردووە رەشەبایەکی بەهێز لە سلێمانی هەیە، پەیامنێری 964 دەڵێت، “رەشەباکە کاریگەری هەبووە لە فراوان بوونی رووبەری سووتاوی شاخەکە و درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە”.
ئیدارەی خۆجێی شارەکە هاوشانی لێکۆڵینەوەکان، لە هەوڵی پلاندانان و سەوزکردنەوەی دامێنی شاخەکەدا، هەروەک پەیامنێری 964 لە ئەزلایڤێکدا زانیارییەکان لە بارەی هەوڵەکانەوە دەخاتەڕوو.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا